PM:05:52:19/08/2024
227184 جار خوێندراوەتەوە
چاوگێکی ئاگادار بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەغدا بڕياری داوە لەمەودوا دوای وردبینی کردن لە لیستی هەر وەزارەت و دەستەیەکدا پارەکەی بنێرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، چاوگێکی ئاگادار بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەغدا بڕیاری داوە لەمەودوا بە گوژمە پارە بۆ مووچەی هەرێم نەنێرێت بەڵکو هەر وەزارەتێک وردبینی لە لیستەکەیدا تەواو بوو پارەی مووچەی بۆ بنێرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ بڕێک پارە بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم نێردراوە، بەڵام بڕەکەی کەم بووە و هی یەک وەزارەت یان یەک دەستە بووە. بەپێی زانیارییەکان بڕی پارەکە زیاتر لە ملیارێک دینارە.
ئەوەشی خستە روو، بەغدا ئەو بڕیارەی بەهۆی ئەوەوە داوە کە بەردەوام کێشە لە لیستی مووچەی هەرێمدا هەیە.
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەستیان کردووە بە خەرجکردنی پارەی مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم و تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە پارەی مووچەی مانگی تەمموزی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن.
لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی مووچەشەوە، لە رۆژی ١٣ی ئەم مانگەدا لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزیری دارایی و نەوتدا؛تیمەکەی تەیف سامی باسی لەوەکرد، بەهۆی نادروستی لیستی مووچە و داتاکانی پەیوەست بە مووچەخۆرانەوە دواکەوتووە.
تیمەکە ئەوەشی خستەڕوو، ناکرێت لە مانگی شەشدا هەڵەکان چارەسەر کرابن و مانگی حەوت بەهەمان هەڵەوە حکومەتی کاربەڕێکەر هەمان لیستی رابردوو بنێرێتەوە بۆ بەغدا، لەبەر ئەو هۆکارەش داوایان کردووە لیستەکە چاک بکرێت و دوای ئەوە پارە دەنێرن.
هێرش قادر- هەولێر