سەردێڕ:

دارایی عێراق بۆ ئێن ئاڕ تی: دەستمان کردووە بە خەرجکردنی پارەی مووچەی مانگی حەوتی هەرێم

PM:12:00:19/08/2024

4760 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەستیان کردووە بە خەرجکردنی پارەی مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم و تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە پارەی مووچەی مانگی تەمموزی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن.


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەستیان کردووە بە خەرجکردنی پارەی مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ پارەی مووچەی مانگی تەمموزی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و چاودێری کۆمەڵایەتی هەرێم رەوانە دەکەن.

باسی لەوەش کرد، تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە پارەی مووچەی مانگی تەمموزی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرن.

لەئێستادا مووچەخۆرانی هەرێم نزیک دەبنەوە لە کۆتایی مانگی هەشت، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی حەوت لە بەغداوە نەنێردراوە.

لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی مووچەشەوە، لە رۆژی ١٣ی ئەم مانگەدا لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزیری دارایی و نەوتدا؛تیمەکەی تەیف سامی باسی لەوەکرد، بەهۆی نادروستی لیستی مووچە و داتاکانی پەیوەست بە مووچەخۆرانەوە دواکەوتووە.

تیمەکە ئەوەشی خستەڕوو، ناکرێت لە مانگی شەشدا هەڵەکان چارەسەر کرابن و مانگی حەوت بەهەمان هەڵەوە حکومەتی کاربەڕێکەر هەمان لیستی رابردوو بنێرێتەوە بۆ بەغدا، لەبەر ئەو هۆکارەش داوایان کردووە لیستەکە چاک بکرێت و دوای ئەوە پارە دەنێرن.














گەلەری