سەردێڕ:

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان: ٨٠٪ـی هەوڵەکانی قاچاخچێتی دراو کۆنتڕۆڵ کراوە

PM:03:25:18/08/2024

720 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لە ئەنجامی بەردەوامی هەوڵەکانی بانکی ناوەندی و وەزارەتی ناوخۆ، لە ئێستادا ٨٠٪ـی هەوڵەکانی قاچاخچێتی دراو کۆنتڕۆڵ کراوە. دەشڵێت، "بەدیجیتاڵکردنی مامەڵە داراییەکان لە بانکەکانی عێراقدا، هۆکارێکە بۆ بەرزکردنەوەی سەقامگیری ئابووری و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی قاچاخچێتی دراو لە وڵاتدا".


ئەمڕۆ یەکشەممە، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، قاچاخچێتی دراو بە هەموو شێوەکانییەوە کاریگەری لەسەر ئابووری وڵات دروست دەکات و زیانی پێ دەگەنێت، هۆکارێکیشە بۆ فشارخستنە سەر بازاڕەکان و بەرزبوونەوەی نرخی دراوەکان.

باسی لەوەش کردووە، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، شەش ئۆپەراسیۆن بۆ رێگریکردن لە قاچاخچێتی دراو ئەنجام دراوە و ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجامی باشیان هەبووە.

ئەوەشی خستووەتە روو، پێویستە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە تاوەکو بە تەواوی و بەڕێژەی ١٠٠٪ رێگری لەو قاچاخچێتییە بکرێت کە زیانی گەورە بە ئابووریی وڵات دەگەیەنێت.

لیژنەکە راشیگەیاندووە، بەدیجیتاڵکردنی مامەڵە داراییەکان لە بانکە عێراقییەکان یارمەتیدەرە لە بەرزکردنەوەی سەقامگیری ئابووری و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەیوەست بە سپیکردنەوەی پارە و قاچاخچێتی دراو، هاوکات دەستنیشانکردنی هەوڵەکانی سپیکردنەوەی پارە لە کەمترین کاتدا و ئاگادارکردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەو مەبەستە.













گەلەری