سەردێڕ:

راوێژکارێکی سودانی: لە چەند رۆژی داهاتوودا کارکردن لە پڕۆژەی میترۆی بەغدا دەستپێدەکات

AM:08:57:18/08/2024

1548 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا و دوای وەرگرتنی مۆڵەتی وەبەرهێنان لە حکومەت دەست بە کارکردن لە پڕۆژەی میترۆی بەغدا دەکرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە رایگەیاند، لە ئێستادا حکومەتی عێراق سەرقاڵی پێداچوونەوە و تەواوکردنی رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنانە بەو تیمانەی کە بەرپرسیارن لە کارکردن لە پڕۆژەی میترۆی بەغدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا رێکارەکان کۆتایی پێدێت و دەست بە کارکردن لە پڕۆژەکەدا دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، میترۆی بەغدا، رووبەری ٨٥٪ـی بەغدا دەگرێتەوە و درێژیی پڕۆژەکە ١٤٨ کم دەبێت کە دابەشکراوە بەسەر ٦٤ وێستگەدا، لەنێویاندا هەشت وێستگە بۆ گواستنەوە لە نێوان هێڵەکاندا تەرخان دەکرێت. وتیشی، بڕیارە ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکە چوار ساڵ بخایەنێت و تاوەکو ٢٠٢٨ تەواو بکرێت.

بیرۆکەی میترۆی بەغدا بۆ سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، کە دەبوایە لەلایەن کۆمپانیایەکی فەڕەنسییەوە جێبەجێ بکرایە، بەڵام جەنگی عێراق-ئێران دوای خست. دواتر بەهۆی جەنگی کوەیت و گەمارۆی ئابووری و پڕۆسەی ئازادی عێراق و جەنگی داعش و چەند هۆکارێکی دیکە بەهەمان شێوە پڕۆژەی میترۆی بەغدا ئەنجام نەدرا.

ئەوەش کە ئێستا هانی حکومەتی سودانی داوە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە ئەنجام بدات، جێگیریی دۆخی ئەمنی و داهاتی زۆری فرۆشی نەوت و گازی سروشتیە.

ئەوە لە کاتێکدایە، پڕۆژەی میترۆی بەغدا بەشێکە لەو ١٦ پڕۆژەیەی ساڵی رابردوو کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەسەندی کردبوو تایبەت بە رێگاوبان.













گەلەری