ئەندامێکی لیژنەی سەردانیکەرانی چلەی ئیمام حسێن رایگەیاند، لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس بەمەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێن لە دەروازەیەکی رۆژهەڵاتی عێراقەوە هاتوونەتە ناو خاکی عێراق.
ئەمڕۆ شەممە، ئەوس ئیبراهیم ئەندامی لیژنەی سەردانیکەرانی چلەی ئیمام حسێن رایگەیاند، بۆ مەراسیمی چلەی ئیمام حسێن، لە پێنج وڵاتی جیاوازەوە سەردانیکەران لە دەروازەی مەنزەرییەی رۆژهەڵاتی عێراقەوە هاتوونەتە وڵاتەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد، رێژەی زۆری ئەو سەردانیکەرانە لە
وڵاتی ئێرانەوە هاتوون.
باسی لەوەشکرد، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا زیاتر لە
٧٠ هەزار سەردانیکەر هاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوە بەمەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی
چلەی ئیمام حسێن.
ئەوەشی خستە روو، پێشبینی دەکرێت لەماوەی چەند کاتژمێری
داهاتوودا ژمارەی سەردانیکەران بگاتە زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی، محەمەد جەمیل پارێزگاری
واست رایگەیاند، تەنها لە رۆژی هەینیدا نزیکەی ٢٥٠ هەزار سەردانیکەر لە دەروازەی
زوباتییە لە سنووری نێوان واست و ئیلام هاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوە.