لە یەکەم رۆژی فرۆشی ئەم هەفتەیەدا، بانکی ناوەندی زیاتر لە ٢٧٤ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش و حەواڵەی دەرەکی بە بانک و بازرگانەکان فرۆشتووە، هاوکات لە ئێستادا لە بازاڕی دراوەکانی هەرێم ١٠٠ دۆلار بە ١٤٩ هەزار و ٦٠٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە سەکۆی خستنەڕووی دراوەکانەوە رایگەیاند، بە تێکڕا ٢٧٤ ملیۆن و ٤٦٠ هەزار و ٤٠٧ دۆلاری بە نرخی فەرمی بە بانک و بازرگانەکان فرۆشتووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو رێژەیە ١٧ ملیۆن و ٣٥٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش
بووە و ٢٥٧ ملیۆن و ١١٠ هەزار و ٤٠٧ دۆلاری بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی فرۆشراوە.
هاوکات، لە ئێستادا لە بازاڕی دراوەکانی هەرێم ١٠٠ دۆلار بە ١٤٩ هەزار و
٦٠٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕ لە دوێنێدا کە ١٠٠
دۆلار بەرامبەر بوو بە ١٤٩ هەزار و ٨٠٠ دینار، ٢٠٠ دینار لە نرخەکەی دابەزیوە.
لەلایەکی دیکەوە، لەسەر ئاستی
هەفتانە؛ بانکی ناوەندی فرۆشی زیاد کردووە و بە تێکڕا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا
یەک ملیار و ٣٨٧ ملیۆن و ٦٣٩ هەزار و ٩٠١ دۆلاری بەشێوەی کاش و حەواڵەی دەرەکی بە
بانک و بازرگانەکان فرۆشت.
سەرەڕای ئەوەی فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان کە کاریگەریی دەکەنە سەر
بازاڕەکانی ناوخۆ، بەتایبەت عێراق؛ بەشێکن لە ناجێگیری نرخی دراو، شارەزایەکی
ئابووری بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەوەی زیاتر نرخی دۆلار بەرز دەکاتەوە
ترسی هاوڵاتییانە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ترسی هاوڵاتییان بەرامبەر بە دۆخی ناوخۆ و
پەنابردنیان بۆ دراوی بیانی بەتایبەتیش دۆلار، وادەکات بەهای زیاتر بدات بە دراوەکە،
چونکە بەهۆی ئەوەی دۆلاری ئەمریکی دراوێکی جیهانییە و بەشێوەیەکی گشتیش هەژموونی ئەمریکا
بەهۆی ئابوورییەکەیەوە بەسەر بەشێکی زۆری وڵاتاندا زیاترە، خەڵک متمانەی زیاتر بەو
دراوە دەبەخشێت بەراورد بە دراوی ناوخۆیی.