پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، پارەدانی ئەلیکترۆنی لەماوەی ساڵێکدا لە عێراق، لە ٨٠٠ ملیارەوە بۆ دوو ترلیۆن دینار زیادیکردووە، بەتایبەت لە ناوەندە حکومییەکاندا.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، ماوەی چەند ساڵێکە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکان و پارەدانی ئەلیکترۆنی بەردەوامە و ئەوەش لە زۆرینەی کەرتەکاندا رەنگی داوەتەوە، بەتایبەتی لە ناوەندە حکومییەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ئەو پەرەسەندنە زیاتر
بووە و لە مانگی حەوتی رابردوودا رێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ دوو ترلیۆن دینار، کە
بەراورد بە هەمان مانگ لە ساڵی رابردوودا یەک ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار جیاوازی
هەیە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەنها لە وێستگەکانی سووتەمەنیدا، رێژەی
پارەدانی ئەلیکترۆنی لە مانگی رابردوودا زیاتر بووە لە ٤٤ ملیار دینار، لەکاتێکدا
لە هەمان مانگی ساڵی رابردوودا ١٨٣ ملیۆن دینار بووە.
عەلی عەلاق وتیشی، ئەمساڵ رێژەی ئامێرەکانی پارەدانی
ئەلیکترۆنی گەیشتووەتە ٥٠ هەزار ئامێر لە فرۆشتگە و ناوەندە جیاوازەکاندا،
لەکاتێکدا لە ساڵی رابردوو رێژەکە بە نزیکەیی ١١ هەزار ئامێر بوو، هەروەها
رێژەیەکی زۆری ئەو ئامێرانە لە ناوەندە حکومییەکاندان.
لەماوەی ئەم چەند ساڵەی کۆتاییدا و بەتایبەتیش لە ساڵی
٢٠٢١ بەدواوە، عێراق هەنگاوەکانی بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی مامەڵە داراییەکان و
مامەڵەکانی دیکە بەشێوەیەکی گشتی چڕتر کردووەتەوە، یەکێک لە هۆکارەکانیش لە
چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە کە بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار گرتوویانەتە بەر.