سەردێڕ:

راوێژکارێکی سودانی: عێراق لە پیشەسازی دەرمان بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە

PM:07:11:09/08/2024

1240 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پیشەسازی و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت رایگەیاند، عێراق لە پیشەسازی دەرمان بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە بەوپێیەی لە ئێستادا ٢٧٪ـی دەرمانی پێویستی خۆی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنێت.


حەمودی لامی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پیشەسازی و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، پرسی ئاسایشی دەرمان یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی حکومەتی عێراق و بەپێی رێنماییەکانی حکومەت بەردەوام دەبن لە خۆجێیکردنی پیشەسازی دەرمان.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا عێراق ٢٧٪ـی دەرمانی پێویستی خۆی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا پێشتر تەنها ١٠٪ـی بەرهەم دەهێنا.

باسی لەوەش کرد، بەرهەمهێنانی دەرمان لە ناوخۆدا یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی رێژەی هاوردەکردنی دەرمان و گەڕانەوەی ئەو داهاتەی ساڵانە لە هاوردەکردنی دەرمان خەرج دەکرێت، بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت، هاوکات دابینکردنی دەرمانەکان بۆ هاوڵاتیان بە کوالێتی گونجاو و بە نرخی ٢٥٪ کەمتر لەو دەرمانانەی لە وڵاتانی دەرەوە هاوردە دەکرێن.

وتیشی، لە ئێستادا کار لەسەر دروستکردنی ژمارەیەک کارگەی نوێی دروستکردنی دەرمان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکەن.

ئەوەشی خستە روو، تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو دەرمانی پەستانی خوێن، شەکرە، جۆرە جیاوازەکانی ئازارشکێن، دەرمانی کۆکە بەردەست دەبێت و هاوڵاتیان دەتوانن سوودمەند بن لێی.

هەر لەمساڵدا، ئەو راوێژکارەی سودانی باسی لەوە کردبوو، تاکە رێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ساختەکاری لە دەرماندا و کەمکردنەوەی هاوردەکردنی دەرمان لە دەرەوە، بەرهەمهێنانی دەرمانە لە ناوخۆی وڵاتدا. راشیگەیاندبوو، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا عێراق دەتوانێت ببێتە دابینکاری دەرمانی پێشکەوتوو بۆ ناوخۆ و وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆمپانیای جیهانی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە.













گەلەری