زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بڕیارەکەی کۆتایی هەفتەی رابردووی رێکخراوی ئۆپیک، دوو هۆکاری سەرەکی پشت نزمبوونەوەی نرخی نەوتن.
کۆتایی هەفتەی رابردوو رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی نۆوە دەست دەکەن بە کۆتاییهێنان بە کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت و بەشێوەیەکی رێکخراو ئەندامەکان بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەکەن.
لە راگەیەنراوەکەی ئۆپیکدا ئەوەش خرابووە روو، بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەم جێبەجێ دەکەن تاوەکو وادەی جێبەجێکردنی بڕیارە نوێیەکە لە مانگی نۆ، کە تێیدا بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل بەشێوەیەکی رێکخراو زیاد دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بە گوێرەی بارودۆخ گۆڕانکاری لە بڕیارەکەدا دەکرێت و قۆناغ بە قۆناغ کۆتایی بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەهێنن تاوەکو بڕیاری یەکجاری دەدەن لە بەردەوامبوون یان دووبارە کەمکردنەوەی بەرهەم.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ـەوە رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بڕیاری دا بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل کە دەکاتە ٥٪ـی خواست لەسەر نەوت، ئەوەش بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان.