بەپێی راپۆرتێک، تاوەکو ناوەڕاستی ئەمساڵ، لەنێوان وڵاتانی G20ـدا، رووسیا کەمترین رێژەی بێکاری تۆمار کردووە، بەوەش پێش هەریەک لە ژاپۆن و کۆریای باشوور کەوتووە.
بەپێی راپۆرتەکە، رووسیا بەرێژەی ٢.٤٪ پێش هەریەک لە ژاپۆن و کۆریای باشوور کەوتووە و لە ریزبەندی یەکەمی کەمترین رێژەی بێکاریدایە لەنێوان وڵاتانی G20دا و ئەو دوو وڵاتە یەکی پلەیەک چوونەتە دواوە و لە پلەکانی دووەم و سێیەمدان.
ژاپۆن لە مانگی شەشدا
رێژەکەی لە ٢.٦٪ـوە دابەزاندووە بۆ ٢.٥٪، بەڵام کۆریای باشوور ماوەی دوو مانگە لە
رێژەی ٢.٨٪ جێگیرە و مەکسیکیش رێژەی بێکاری تیایدا بەرزبووەتەوە و لەمانگی
شەشدا لە ٢.٦٪وە بەرزبووەتەوە بۆ ٢.٨٪.
لە وڵاتەکانی دیکەی
گروپی G20دا رێژەکە زیاترە لە ٣٪،
بە جۆرێک لە باشووری ئەفریقا بۆ چوارەم ساڵ لەسەر یەک رێژەکە لە ٣٪دا ماوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئیسپانیا
توانیویەتی رێژەی بێکاری لەماوەی سێ مانگدا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە، بە
جۆرێک لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا رێژەی بێکاری لە وڵاتەکەدا ١٢.٢٩٪ بووە و لە
چارەکی دووەمی ئەمساڵدا رێژەکەی بۆ ١١.٢٧٪ دابەزاندووە.
لەبەرامبەریشدا، لە
هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئوستڕاڵیا، کەنەدا،
مەکسیک و هیند رێژەکە بەرزبووەتەوە.
گروپی G20 ساڵی ١٩٩٩ پێکهێنرا
بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی لە ساڵانی نەوەدەکان رووبەڕووی جیهان بووەوە، کە سەرەتا
لەسەر ئاستی وەزیرانی دارایی بەڕێوەدەچوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە و دوای ئەوەی قەیرانێکی
تری سەختی دارایی بەرۆکی جیهانی گرت، کۆبوونەوەکانی لەسەر ئاستی سەرکردەی وڵاتان بەڕێوەدەچێت.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا بابەتەکانی کۆبوونەوەکانی لوتکەى
جی ٢٠ لە دۆسیەی ئابوری تێپەڕی کرد و لە ئێستادا دۆسیەکانی گەشەپێدان و گۆڕانکاریی
کەشوهەواو و بنبڕکردنی تیرۆریش تیایدا تاووتوێ دەکرێن.
گروپی G20 خاوەنی نزیکەی
٨٥٪ی كۆی بەرهەمی ناوخۆی جیهان و دوو لەسەر سێی دانیشتووان و ٧٥٪ی بازرگانی نێودەوڵەتی
و ٨٠٪ی وەبەرهێنانی جیهانن.