سەردێڕ:

باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا: ژمارەیەکی زۆری کۆچبەری عێراقی لە ئەڵمانیاوە دیپۆرت دەکرێنەوە

PM:10:45:12/03/2025

3052 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، عێراق و حکومەتی ئەڵمانیا رێککەوتوون ئەو کۆچبەرانە دیپۆرتی عێراق بکەنەوە کە مافی پەنابەرییان بە تەواوەتی رەتکراوەتەوە. دەشڵێت، پاسپۆرتی کاتیی بۆ ئەو کۆچبەرانە دروست دەکەن کە هیچ بەڵگەنامەیەکیان پێ نەماوە کە عێراقیبوونیان بسەلمێنێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ـی ئازاری ٢٠٢٥، لوقمان فەیلی، باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە دوای هەڵبژاردنی ئەڵمانیاوە هەموو لایەنەکان کۆکن لەسەر ناردنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتەکانی خۆیان، ئەمە تەنها پەیوەندیی بە عێراقییەکانەوە نییە بەڵکو بابەتەکە بابەتێکی گشتییە.

وتیشی، لەئێستادا ٤٠٠ هەزار پەنابەری عێراقی لە ئەڵمانیادا نیشتەجێن و لەم ساڵانەی دوایشدا دەیان هەزار هاوڵاتی عێراقی هاتوونەتە ئەڵمانیاوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە لایەن ئەڵمانیاشەوە داوایان لێکراوە هاوکارییان بکەن لە گێڕانەوەی زۆرینەی ئەو کۆچبەرانە، بە تایبەت ئەوانەی کە تاوانیان ئەنجام داوە یاخود دۆسیەی پەنابەرییەکەیان بە تەواوەتی رەتکراوەتەوە، ئەو کەسانەش زوتر دەگەڕێنرێنەوە کە بە شێوەیەکئی ئارەزوو مەندانە داوای گەڕانەوەیان کردووە لە بەرامبەر بڕێک هاوکاری دارایی
.

ئەوەشی خستەڕوو، زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەشی دەگەڕێندرێنەوە بەڵگەنامەی پێویستیان هەیە کە دەیسەلمێنێت عێراقین، ئەوانەشی کە بەڵگەنامەیان نییە، حکومەتی ئەڵمانیا داوای کردووە عێراقی بوونیان پشتڕاست بکەینەوە و ئێمەش هاوکارییان دەکەین.

باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی بۆ خۆی لە حکومەتی ئەڵمانیا وەرنەگرتووە ئەوەی وەرگیراوە بۆ هاوکاری ئەو کەسانەیە کە بە خواستی خۆیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە، تەنها لەسەر ئەوە رێکەوتووین کە هاوکاری ئەڵمانیا بکەین لە پڕۆسەکەدا و پاسپۆڕتێکی کاتی بۆ بۆ ئەو کۆچبەرانە دروست بکەین کە هیچ بەڵگەنامەیەکیان پێنییە هەتاکو پێی بگەڕێنەوە.













گەلەری