کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا تێكڕای هاوردەی نەوتی خاو بۆ ئەمریکا زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بووە، تێكڕای هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ وڵاتەکە زیادی کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، ئەمریکا بە تێكڕا پێنج ملیۆن و ٥٥٤ هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا لە نۆ وڵاتی گەورەوە هاوردە کردووە.
باسی لەوەش کردووە، بەراورد بە هەفتەی پێشووتر تێكڕای هاوردەکردن ٤٢٠ هەزار
بەرمیلی رۆژانە کەمی کردووە، کە تێیدا پێنج ملیۆن و ٩٧٤ هەزار بەرمیل بوو.
ئەوەشی خستووەتە روو، لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا
١٧٨ هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، بەراورد بە هەفتەی پێشووتر کە رۆژانە ١٥٠ هەزار
بەرمیل بوو، ٢٨ هەزار بەرمیل زیادی کردووە.
ئەوەش هاتووە، کەنەدا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانە بووە کە زۆرترین نەوتی هەناردەی
ئەمریکا کردووە، دوای ئەو مەکسیک بە پلەی دووەم، کۆڵۆمبیا بە پلەی سێیەم دێت،
هاوکات عێراق پلەی چوارەمی گرتووە.