سەردێڕ:

دارایی عێراق: سبەی لیژنەیەک سەردانی هەرێم دەکات

PM:11:28:03/08/2024

29644 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سبەی لیژنەیەک سەردانی هەرێم دەکات. بەپێی زانیارییەکانیش، لیژنەکە بۆ راهێنان کردن بە کارمەندانی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچە و وردبینیکردن لە داهاتەکان سەردانی هەرێم دەکەن.


چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، سبەی لیژنەیەک لە وەزارەتەکە بۆ چەند مەبەستێکی جیاواز سەردانی هەرێم دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تیش، یەکێک لە کارەکانی ئەو لیژنەیەی وەزارەتی دارایی عێراق راهێنان کردنە بە کارمەندانی بەشی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم تاوەکو مانگانە ئەو لیستی مووچە و دەرخستەی کۆتاییەی کە ئامادەی دەکەن هاوشێوەی ئەوە بێت کە وەزارەتی دارایی عێراق داوای دەکات.

هەر بەپێی زانیارییەکان، بەشێکی دیکەی لیژنەکە وردبینی دەکەن لە داهاتەکانی هەرێم لە چۆنییەتی کۆکردنەوە و داتاکردنیان بەتایبەت داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان.

بڕیاریشە، لیژنەکە پێنج رۆژ لە هەرێم بمێننەوە، بەڵام لە ئەگەری تەواونەکردنی کارەکانیان وادەی مانەوەیان درێژتر دەبێتەوە. 

لەکاتێکدا، حکومەتی کاربەڕێکەر مانگانە لە وادەی خۆیدا لیستی مووچە بۆ بەغدا نانێرێت، لەکاتی ناردنیشی؛ لیستەکە کەموکوڕی تێدایە و تەواوی ئەو مەرجانەی تێدا نییە کە وەزارەتی دارایی عێراق داوای دەکات، لەو بارەیەشەوە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتى کاربەڕێکەر هیچ مانگێک بەبێ گرفت لیستى مووچەیان بۆ رەوانە ناکات.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، لە لیستى حەوت مانگى رابردوودا بە حەوت شێوازى جیاواز لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئامادە کراوە و رەوانەی بەغدا کراوە. 


 

 













گەلەری