سەردێڕ:

بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووە

PM:10:14:03/08/2024

1812 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی بەوپێیەی ٢٧ هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە.


ئەمڕۆ شەممە، زیاد عەلی وەزیری کارەبای عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، عێراق پێویستی بە نزیکەی ٥٠ هەزار مێگاوات کارەبا هەیە بۆ ئەوەی پێداویستی هاوڵاتیان بۆ بەکارهێنانی وزەی کارەبا پڕ بکاتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وڵاتدا گەیشتووەتە ٢٧ هەزار و ٥٥٠ مێگاوات، ئەوەش بۆ یەکەم جارە بەرهەمهێنانی کارەبا بگاتە ئەو ئاستە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، کار لەسەر زیادکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە وڵاتدا دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پارچە زەوی گەورە ئامادە کراوە بۆ ئەوەی کارەبا لە رێگەی تیشکی خۆرەوە بەرهەمبهێنن.

هەر لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا، حکومەتی عێراق بەردەوامە لە نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی غاز و کردنەوەی وێستگەی نوێ کە لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا، یارمەتیدەر دەبن لە کەمکردنەوەی سووتان و بەفیڕۆچوونی غاز کە بڕیارە تا ساڵی ٢٠٢٨ بەتەواوی کۆتایی پێبهێنرێت.


 













گەلەری