وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، زیاتر لە ٧٤ ملیار دیناریان وەک داهاتی نانەوتی مانگی نیسان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، وەزارەتی دارایی عێراقیش دەڵێت، داهاتی نانەوتی هەرێم مانگانە ٤١١ ملیار و ٦١١ ملیۆن دینارە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، بڕی ٧٤ ملیار و ٨٤٤ ملیۆن و ٥٣٢ هەزار دیناریان لە داهاتی نانەوتی مانگی نیسان وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی رادەستی بەغدا کردووە.
راگەیەنراوەکەی دارایی هەرێم لەکاتێکدایە، بە
گوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە واژۆی تەیف سامی بەسەرەوە، داهاتی
نانەوتی هەرێم لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ترلیۆنێک و ٦٤٦ ملیار و ٤٤٤ ملیۆن دینار بووە، واتە داهاتی نانەوتی یەک مانگی هەرێم، ٤١١
ملیار و ٦١١ ملیۆن دینار بووە.
بە گوێرەی رێککەوتنەکان، هەرێم دەبێت مانگانە
سەرجەمی داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکات و دواتر بەغدا ٥٠٪ـی ئەو پارەیە وەک
پشکی هەرێم بنێرێتەوە، بەپێی نوسراوەکەی وەزیری دارایی عێراقیش کە داهاتی نانەوتی مانگانەی
هەرێم ٤١١ ملیار و ٦١١ ملیۆن دینارە، دەبوایە هەرێم ٢٠٥ ملیار و ٨٠٥ ملیۆن و ٥٠٠
هەزار دینار رادەستی بەغدا بکات، بەڵام تەنها بڕی ٧٤ ملیار و
٨٤٤ ملیۆن و ٥٣٢ هەزار دیناریان رادەست کردووە.
هاوکات، رۆژی ٢٧ـی ئایاری
ئەمساڵ، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڵاوی کردەوە، بڕی
٨٥ ملیار و ١٩٩ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار دیناری داهاتی نانەوتییان رادەستی بەغدا کردووە، دواتر وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەبێت هەرێم روونکردنەوە لەسەر
ئەو ٨٥ ملیار و ١٩٩ ملیۆن دینارە بدات کە وەک داهاتی نانەوتی رەوانەی بەغدادیان
کردووە، چونکە بە گوێرەی خشتەی داهاتەکان کە بۆیان نێردراوە، داهاتی نانەوتی هەرێم
لە مانگێکدا ٤١١ ملیار و ٦١١ ملیۆن دینار بووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە،
بە گوێرەی ئەو نوسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق، داهاتی نانەوتی هەرێم مانگانە ٤١١
ملیار و ٦١١ ملیۆن دینارە، ئەوەش جگە لە داهاتی فرۆشتنی قاچاغی نەوت، کە بە گوێرەی
زانیارییەکان داهاتی مانگانەی ٣٥٠ ملیار دینارە.
نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق کە ئاماژە بەوە کراوە داهاتی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵی هەرێم ترلیۆنێک و ٦٤٦ ملیار و ٤٤٤ ملیۆن دینار بووە: