عێراق لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا چەندین رێکاری بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵە داراییەکان گرتبە بەر، لە ناویشیاندا پێناسی ئەلیکترۆنی هاوردەکردن و هەناردەکردن بوو، واتە لەمەودوا بازرگانانی ناوخۆ و بیانی لە رێگەی سەکۆیەکی تایبەتەوە مامەڵەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەوەش دەبێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ رێگریکردن لە سپیکردنەوە و بەقاچاخبردنی دۆلار.
ئەمڕۆ سێشەممە، چاوگێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە میانەی کۆبوونەوەیەکی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیرانی بازرگانی و دارایی عێراق تاوتوێی سەکۆیەکی ئەلکترۆنی کراوە.
ئاماژەی بەوەش
کرد، بە گوێرەی ئەو سەکۆیە، لەمەو دوا، سەرجەرم بازرگانانی ناوخۆ و بیانی دەبێت بۆ
هەر مامەڵەیەکی دارایی بگەڕینەوە بۆ ئەو سەکۆ ئەلیکترۆنیە و بە پێچەوانەوە ناتوانن
هیچ جوڵەیەکی بازرگانی ئەنجام بدەن.
باسی لەوەش
کرد، هەریەک لە وەزارەتەکانی دارایی و بازرگانی رۆژانە لە سەکۆکەدا ئاستی پێویستی
ناوخۆ بۆ بازرگانان دەخەنەڕوو بەگوێرەی ئەو
پێویستیانەش، بازرگانان کاڵاکان هاوردە دەکەن، یاخود هەناردەی وڵاتانی دیکەی دەکەن.
'سەرجەم
بازرگانان دەخرێنە ژێر چاودێری هاوردە و هەناردەی بانکییەوە '
رۆژی ١٧ـی تەمموز
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرجەم
بازرگانان و کۆمپانیاکان پێویستە سەردانی وەزارەتی بازرگانی و دەستەی گومرگی عێراق
بکەن بۆ دروستکردنی پێناسی هاوردەکردن و هەناردەکردن، بە پێچەوانەوە مافی هاوردە و
هەناردەیان نامێنێت، وتیشی، لەم هەفتەیەوە سەرجەم بازرگانان دەخرێنە ژێر چاودێری
هاوردە و هەناردەی بانکییەوە.
بۆچی سودانی ئەو
هەنگاوەی ناوە؟
ئەو هەنگاوەی
سودانی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بۆ کۆتاییهێنانە بە سەرجەم مامەڵە داراییە نێودەوڵەتی
و ناوخۆییەکان، کە دەکرێت بە هۆیانەوە دۆلار یاخود هەر دراوێکی دیکە سپی بکرێتەوە،
لەگەڵ تەواوبوونی رێکارەکانیش، لە ژێر سەرپەرشتی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق سەکۆی
بازرگانان دەچێتە بواری جیبەجێکردنەوە.
میکانیزمی
کارکردنی سەکۆکە چۆن دەبێت؟
بە گوێرەی زانیارییەکانی
دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، دوو سەکۆی تایبەت لەلایەن بانکی ناوەندییەوە ئامادە
کراوە کە یەکێکیان تایبەت دەبێت بە مامەڵەی هاوردەکردنی کاڵا و کەرەستەی خۆراکی و
بازرگانی بۆ ناوخۆی عێراق کە لەلایەن بانکێکەوە سەرپەرشتی دەکرێت، سەکۆکەی دیکەش
تایبەت دەبێت بە مامەڵەی هەناردەکردنی کاڵا و کەرەستەی خۆراکی و جوانکاری بۆ دەرەوەی
عێراق بەتایبەت ئێران و تورکیا و سوریا لە ژێر سەرپەرشتی بانکێکی تردا.
"لەمەودوا سەرجەم
خاڵە سنورییەکان لە رێگەی دوو بانکەوە بەڕێوە دەچن"
بە گوێرەی زانیارییەکان،
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە کە بەتەواوی
رێکارەکانی بەنێودەوڵەتیکردن و تۆمارکردنی دوو بانکەکە تەواو بکات، ئاماژەی بەوەش
کردووە، لەمەودوا سەرجەم خاڵە سنورییەکان لە رێگای سیستەمی بانکی هاوردە و هەناردەکردنەوە
بەڕێوە دەبرێن.
دوو بانکە نوێکەی
عێراق؛
چاوگێک لە نوسینگەی
سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق
لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی، تاوتوێی کردنەوەی دوو سەکۆی تایبەتیان بە هاوردەکردن
و هەناردەکردن کردووە، بە گوێرەی پلانەکانیشیان، چیتر هاوڵاتییان و بازرگانان بەبێ
رەزامەندی بانکی ناوەندی ناتوانن هیچ مامەڵەیەک بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش، هەوڵدراوە
کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە مۆڵەت لە هەردوو بانکی هاوردەکردن و هەناردەکردن
وەربگیرێت، کە لەسەرجەم خاڵە سنورییەکانی هەرێم وعێراق هاوتادەکرێن.
'دەروازە سنوریییەکان
کۆنترۆڵ کراون'
راوێژکاری هێڵی
ئەلیکترۆنی دەروازە سنورییەکانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا بەشێوەی ١٠٠٪ سەرجەم
دەروازە سنورییەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی پێکەوە بەستراون. وتیشی ، "بەستنەوەی
دەروازە سنورییەکان رێگە لە بەقاچاغبردنی سامانی نەتەوەیی دەگرێت بۆ دەرەوەی عێراق،
چونکە بەتەواوی کۆنترۆڵ کراون".