بانکی رافیدەین رایگەیاند، لەژێر رۆشنایی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی، بەردەوامن لە دابینکردنی دۆلاری کاش بۆ گەشتیارانی ناوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراق. دەشڵێت، "پێویستە هەموو گەشتیارێک پێش گەشتەکەی سەردانی لقی بانکەکانیان بکات، بە پێچەوانە ناتوانێت دۆلاری کاش وەربگرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، بانکی رافیدەین راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، بە مەبەستی دابینکردنی دۆلاری کاش بۆ گەشتیارانی عێراق و لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندیدا، بەردەوامن لە فرۆشتنەوەی دۆلاری کاش لەریگای لقەکانیان لە فرۆکەخانەکان.
ئاماژە بەوەش کراوە، هەر
گەشتیارێک بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی دەتوانێت بڕی سێ هەزار دۆلار وەر بگرێت، بەڵام
پێویستە بەر لە سێ رۆژ لە وادەی گەشتەکەی، سەردانی لقی بانکەکانیان بکات، چونکە ئەگەر
وا نەکات، ناتوانێت دۆلاری کاش بە نرخی فەرمی وەربگرێت.
باس لەوەش کراوە، لەکاتی
سەردانیکردندا، بڕی پارەکە بە دینار دەدرێت کە ١٣٢ هەزار دینارە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک و لە هەمان کاتدا پسوڵەیەک دەدرێتە گەشتیارەکە
کە لە کاتی گەشتەکەیدا دەتوانێت راستەوخۆ لە فرۆکەخانە بڕە پارەکە وەر بگرێت.
ئەوەش هاتووە، "لە
ئێستادا لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەشێوەی ٢٤ کاتژمێر کار دەکەن و دۆلاری
کاش بە نرخی فەرمی دەدەنە ئەو گەشتیارانەی کە لەو فرۆکەخانەیەوە گەشت دەکەن".
لەلایەکی دیکەشەوە
بانکی بازرگانیی عێراق "TBI" رایگەیاند، دەستیان بە
دابینکردنی دۆلاری کاش بۆ گەشتیارانی ناوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراق کردووەتەوە و بۆ
ئەمەبستەش گەشتیاران دەتوانن سەردانی لقەکانیان بکەن.