PM:07:17:29/07/2024
1296 جار خوێندراوەتەوە
سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، هێرشەکانی روسیا بۆ سەر شارۆچکەی پۆکرۆڤسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا مەترسی گەورە دروست دەکات لەسەر یەکێک لە رێگاسەرەکییەکانی سوپاکەیان کە بۆ گواستنەوەی کەرەستە سەربازییەکان بەکاری دەهێنن. دەشڵێت، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٥٢ هێرشی روسیایان لەو ناوچەیەدا بەرپەرچ داوەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، بە ئامانجگرتنی ناوچە جیاوازەکانی شارۆچکەی پۆکرۆڤسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە مەترسی گەورەی دروست کردووە چونکە یەکێک لەو رێگا سەرەکییانەی بۆ گواستنەوەی کەرەستە سەربازییەکانی سوپاکەیان بەکاری دەهێنن بەو شارۆچکەیەدا تێپەڕ دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بە تەنها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٢ هێرشی
ئاسمانی روسیا لەو ناوچەیەدا بەرپەرچ دراوەتەوە.
رۆژی رابردووش، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، هێزەکانیان دوو گوندیان
لە ناوچەی دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی شارۆچکەی پۆکرۆڤسک کۆنتڕۆڵ کردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، شەری نێوان روسیا و ئۆکرانیا زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە
و بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس کوژراون و چەندین ناوچە شار و شارۆچەکە چۆڵکراون و ملیۆنان
هاوڵاتیش لە ئۆکرانیا ئاوارە بوون.