سەردێڕ:

کاریگەری چاکسازی و رێکارەکانی بانکی ناوەندی لەسەر ژێرخانی ئابووریی بانکەکان

PM:10:39:27/07/2024

1192 جار خوێندراوەتەوە

لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، بانکی ناوەندی چەندین چاکسازی لە سیستمی بانکیدا کردووە و بە دیاریکراویش چاکسازی لە ٣٣ بانکدا ئەنجام دراوە، کە بەهۆیەوە ژێرخانی ئابووریی بانکەکان ٢٥٠ بۆ ٥٠٠ ملیار دینار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.


نوسینگەی پارێزگاری بانکی ناوەندی لەبارەی چاکسازیی سیستمی بانکییەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا بە سەرپەرشتی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی و بانکی نێودەوڵەتی و کۆمپانیا داراییەکان چاکسازی لە ژێرخانی ئابووریی بانکەکە و ٣٣ بانکی دیکەی ناوخۆیدا ئەنجام دراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەئەلیترۆنیکردنی مامەڵەداراییەکان لە چوارچێوەی سیستمی چاکسازی و دووبارە داڕشتنەوەی پلانی بانکەکاندا بووە، کە بەهۆیەوە پێوەرەکانی گەشەی ئابووریی عێراق بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو بە رێژەی ٢٪ زیادی کردووە و تا کۆتایی ئەمساڵیش بۆ ٤٪ بەرز دەبێتەوە.

' چاکسازی سیستمی بانکی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاترە'

راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ماوەی ٧٠ رۆژە وەزارەتی دارایی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی دارایی لەژێر سەرپەرشتی بانکی نێودەوڵەتیدا، چاکسازی لە سیستمی بانکیدا دەکەن ئەوەش هاوکاردەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆ مووچەخۆرانی عێراق.

ئاماژەی بەوەش کرد، گۆڕانکارییەکان لە دووبارە داڕشتنەوە سیستمی بانکیدا، لە سوودی مووچەخۆرانە و بەتایبەتیش ئەو مووچەخۆرانەی کە مووچەکانیان بەبانکی کردووە، چونکە خزمەتگوزاری بانکی زیاتریان پێشکەش دەکرێت.

لێدوانی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو بارەیەوە؛

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چاکسازی لە سیستمی پارەدارکردن و بەڕێوەبردنی بانکە حکومییەکاندا دەکرێت کە کۆی ٨٠٪ـی سیستمی بانکیی عێراق پێک دەهێنن. دەشڵێت، "چاکسازییەکە لە بانکی رافیدەینەوە دەستی پێکردووە، چونکە رێگە لە هەڵاوسانی نرخی دۆلار دەگرێت".

لێدوانی وەزارەتی دارایی لە بارەی چاکسازییەوە؛

رۆژی ١٢ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ چاوگێکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەزارەتەکە لە پلانیاندایە بە سەرپەرشتی و هەماهەنگی کۆمپانیای دارایی ئارنێست یۆنگ کە تایبەتە بە چاودێری دارایی، چاکسازی لە کەرتی دارایی و بانکەکاندا بکەن، چونکە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ژێرخانی بانکەکان.

بانکە سزادراوەکان، دەستپێکی چاکسازی؛

٨٥٪ـی چالاکییە بانکییەکان لەژێر دەسەڵاتی بانکە حکومییەکاندایە و ١٥٪ـی چالاکییەکانیش لای بانکە ناحکومییەکانن کە ٢٩ بانکیان بەهۆی سەرپێچی یاساکانەوە لە رابردوودا بێبەشبوون لە مامەڵەکردن بە دراوە بیانییەکانەوە.

رۆژی ٢٣ـی ئایاری ئەمساڵ چاوگێک لە بانکی ناوەندیی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەی چاکسازی بانکە سزادراوەکاندا بڕیاردرا کە بەشێک لە تێکڕای فرۆشی بانکی ناوەندی کە زیاتر نەبێت لە ٨٪ـی ئاستی رۆژانە بدرێتە بانکەکان.

دەنگدانەوەی چاکسازیی بانکەکان لە جیهاندا؛

رۆژی ٢١ـی ئایار لە کۆڕبەندی ئابووری وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ئەفریقا رێکخراوی دارایی ئەفریقا، عێراقی وەک وڵاتێکی سەلامەت و پابەند بە چاکسازی بانکیی نێودەوڵەتی ناوبرد.

هەر لە کۆڕبەندەکەشدا باس لەوە کرا، عێراق لە پلەی یەکەم دێت کە بتوانێت لە کەمترین ماوەدا چاکسازی لە بانکەکاندا بکات و لەرێگای چەندین میکانیزمەوە رێگەی لە سپیکردنەوەی دۆلار و دراوە بیانییەکان گرتووە ئەوەش وادەکات عێراق بێتە ناو بازنەی وڵاتە متمانەپێکراوەکان لە سیستمی بانکیدا.

کاریگەری چاکسازی لەسەر بانکی خانووبەرەی عێراق؛

عەباس جەواهیری، بەڕێوەبەری بانکی خانووبەرەی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای چاکسازیی سیستمی بانکی و بەهۆی رێکارەکانی بانکی ناوەندییەوە، بانکی خانووبەرەی عێراق سەرمایەکەی لە ٥٠ ملیار دینارەوە بۆ ٥٠٠ ملیار دینار زیادکردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سیستمی چاکسازی لەو بانکەدا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی چالاکی جوڵەی دارایی بانکەکە کە ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی دابینکردنی قەرزی خانوبەرە بۆ هاوڵاتیان.

کاریگەری چاکسازییەکان لەسەر داهاتی بانکەکان؛

بەهۆی چاکسازی لە سیستمی بانکیدا لە ماوەی ئەمساڵدا، تێکڕای ئاستی پارەدارکردنی بانکەکانی عێراق بەهۆی گۆڕانکاری لە سیستمی نەختینەوە بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەداراییەکان و بەبانکیکردنی سیستمە داراییەکانەوە لە ١٢٩ ترلیۆن دینارەوە بۆ زیاتر لە ١٣١ ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە.

هاوکات، لە ئێستاشدا بانکە بازرگانییەکان و ئاستی مامەڵەی بازرگانان و کۆمپانیا بیانیەکان ئاستی نەختینەی مامەڵەکانیان بە دینار بەرزبووەتەوە بۆ ٥٥ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار کە ئەوەش کاریگەری دەکاتە سەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.

هەروەها ئاستی گەڕاندنەوەی نەختینەی ساڵانەی بانکەکان بۆ بانکی ناوەندی لە ٦٠ ترلیۆنەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٦٩ ترلیۆن دینار و پێشبینیش دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵدا بەرزبێتەوە بۆ زیاتر لە ٧٣ ترلیۆن دینار.

لەو بارەیەشەوە عومەر حەلبوسی شارەزای ئابووری و سیستمی بانکیی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش ئاستی گەشەی ئابووری بەهۆی بە بانکیکردنی سەرجەم کەرتە دارایی، پیشەسازی و کشتوکاڵییەکانی عێراقەوە بە رێژەیەکی بەرچاو گەشە بکات".

بەهۆی بەئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم مامەڵەداراییەکانەوە ئاستی پارەدارکردن و گەڕاندنەوەی دینار بۆ بانکەکان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بە تێکڕاش ئابووریی عێراق بە رێژەی ٤.٣٪ گەشەی بەخۆیەوە بینیوە و ئەوەش خاڵێکی ئەرێنی دەبێت بۆ سیستمی بانکیی عێراق لە ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووشدا.

هـ.ش













گەلەری