راوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ماوەی ٦٨ رۆژە وەزارەتی دارایی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی دارایی لەژێر سەرپەرشتی بانکی نێودەوڵەتیدا، چاکسازی لە سیستمی بانکیدا دەکەن ئەوەش هاوکاردەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆ مووچەخۆرانی عێراق.
ئەمڕۆ هەینی، محەمەد مەزهەر ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەماوەی رابردوودا حکومەتی عێراق لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندی و بانکی نێودەوڵەتیدا چەند گۆڕانکارییەکی لە سیستمی بانکیدا ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، گۆڕانکارییەکان
لە دووبارە دارشتنەوە سیستمی بانکیدا، لە سوودی مووچەخۆرانە و بەتایبەتیش ئەو مووچەخۆرانی
کە مووچەکانیان بەبانکیکردووە، چونکە خزمەتگوزاری بانکی زیاتریان پێشکەش دەکرێت.
باسی لەوەش کرد، دارشتنەوەی سیستمی
بانکی هاوکاردەبێت لە بەرزکردنەوەی ژێرخانی ئابووری عێراق و ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی
داهاتی تاکەکەسی و دەستی کار لە بازاڕەکانی ناوخۆ.
لەلایەکی دیکەشەوە، بەرپرسی راگەیاندنی
بانکی ناوەندی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی راگەیاند، چاکسازیکردن و دووبارە
دارشتنەوەی سیستمی بانکی بەتایبەت لە بانکی رافیدەین،رەشید بەمەبەستی بنیات نانی ژێرخانی
بانکییە. وتیشی، "لەگەڵ سیستمی چاکسازیدا متمانەی هاوڵاتیان وبازرگانان بە
بانکەکانی عێراق بەرزتردەبێتەوە".
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنی پێنجشەممە
وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، دەست بە چاکسازیکردن لە دامەزراوە داراییەکانی وەزارەتەکە
بەتایبەت بانکەکانی رەشید و رافیدەین دەکەن، کە ئامانج لێی پەرەپێدانی کەرتی بانکی
و باشترکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەیە کە بانکەکان پێشکەش بە هاوڵاتیانی دەکەن.
رۆژی ١٢ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دیجیتاڵ
میدیای ئێن ئاڕ تی ئەوەی بڵاوکردەوە کە، بە هاوکاری بانکی ناوەندی و رێکخراوە نێودەوڵەتییە
پەیوەندییدارەکان، وەزارەتی دارایی عێراق لە پلانی دایە لەرێگای کۆمپانیای دارایی
ئارنێست یۆنگ چاکسازی لە بانکەکانی رافیدەین و رەشید و چەند بانکێکی دیکەدا بکات.