بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، بە تۆمەتی دیارنەمانی بەشێک لە نەوتی کێڵگەکانی بای حەسەن و زاب، ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق چەند بەڕێوەبەر و ئەندازیارێکی کۆمپانیای نەوتی باکوری دەستگیر کردووە.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی کە زانیارییەکانی لە چاوگێکی ئاگادارەوە پێگەیشتووە باسی لەوە کرد، ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی عێراق و هێزێکی تایبەتی لێکۆڵینەوە سەر بە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، چوونەتە وێستگەی سارلووی کۆمپانیای نەوتی باکور.
ئاماژەی بەوەش کرد، ١٢ کارمەند و بەرپرسی بەشی وێستگەکە دەستگیر کراون و هەر
ئەمڕۆ نۆ کەسیان بە کەفالەت ئازاد کراون و ئەوانەی دیکە کە بەرپرسی بەشەکانن، هێڵراونەتەوە.
ئەوەشی خستە روو، ئەو کەسانە بە تۆمەتی دیارنەمانی بەشێک لە نەوتی بای حەسەن
و زاب دەستگیر کراون، کاتێک رۆژانە کۆمپانیاکە نەوتی بە بۆری هەناردەی پاڵاوتگەی
کار کردووە تاوەکو بۆ عێراقی بپاڵێون، ئەو رێژەیەی کە هەناردە کراوە هەمان ئەو رێژەیە
نەبووە کە تۆمار کراوە و لە تۆمارەکاندا کەمتر نووسراوە.
بەپێی زانیارییەکان پاش کۆکردنەوەی بەڵگەکان، ئاسایشی نیشتمانی و دەستەی دەستپاکی
چوونەتە کێڵگەکە و چەند کەسێکیان دەستگیر کردووە، کە بەشێکیان لەسەر ئامێری بژمێری
هەناردەی نەوتەکەدا کاریان کردووە.
ئەو چاوگە ئەوەشی باسکرد، گومان دەکرێت کەسانی دیکەش لەم کارەدا تێوە گلابن
و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
سۆران محەمەد، کەرکوک