بانکی بازرگانیی عێراق "TBI" رایگەیاند، لەژێر رۆشنایی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی، لەم هەفتەیەوە دەست بە دابینکردنی دۆلاری کاش بۆ گەشتیارانی ناوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراق دەکەن. دەشڵێت، "پێویستە هەموو گەشتیارێک پێش سێ رۆژ سەردانی لقی بانکەکانیان بکات، بە پێچەوانە ناتوانێت دۆلاری کاش وەربگرێت".
ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی بازرگانیی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، بە مەبەستی دابینکردنی دۆلاری کاش بۆ گەشتیارانی عێراق و لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندیدا، لە رۆژی ٢٥ـی تەمموزەوە دەست بە فرۆشتنی دۆلاری کاش دەکەن.
ئاماژە بەوەش
کراوە، هەر گەشتیارێک بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی دەتوانێت بڕی سێ هەزار دۆلار وەر
بگرێت، بەڵام پێویستە بەر لە سێ رۆژ لە وادەی گەشتەکەی، سەردانی لقی بانکەکانیان
بکات، چونکە ئەگەر وا نەکات، ناتوانێت دۆلاری کاش بە نرخی فەرمی وەربگرێت.
باس لەوەش کراوە،
لەکاتی سەردانیکردندا، بڕی پارەکە بە دینار دەدرێت و لە هەمان کاتدا پسوڵەیەک دەدرێتە
گەشتیارەکە کە لە کاتی گەشتەکەیدا دەتوانێت راستەوخۆ لە فرۆکەخانە بڕە پارەکە وەر بگرێت.
ئەوەش هاتووە،
"لە ئێستادا لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەشێوەی ٢٤ کاتژمێر کار دەکەن و
دۆلاری کاش بە نرخی فەرمی دەدەنە ئەو گەشتیارانەی کە لەو فرۆکەخانەیەوە گەشت دەکەن".
هاوکات، بانکی
ناوەندیی عێراق رایگەیاند، ئەو هەواڵەی لە بەشێک لە میدیاکان بڵاو کراوەتەوە کە
گوایە دۆلاری فەرمی لە رێگەی ١٠٠ کۆمپانیاوە بۆ گەشتیاران دابین دەکرێت رەت دەکەنەوە.
دەشڵێت، "بە هیچ جۆرێک دۆلار لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە نادرێت بە گەشتیاران".