سەردێڕ:

بانکی ناوەندی دەنگۆی فرۆشتنی دۆلار لە رێگەی ١٠٠ کۆمپانیاوە رەت دەکاتەوە

PM:10:39:23/07/2024

3492 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، ئەو هەواڵەی لە بەشێک لە میدیاکان بڵاو کراوەتەوە کە گوایە دۆلاری فەرمی لە رێگەی ١٠٠ کۆمپانیاوە بۆ گەشتیاران دابین دەکرێت رەت دەکەنەوە. دەشڵێت، "بە هیچ جۆرێک دۆلار لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە نادرێت بە گەشتیاران".


ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دابینکردنی دۆلاری کاش لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە دەبێت و بە هیچ جۆرێک لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە دۆلار بۆ گەشتیاران دابین ناکرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، گەشتیارانی ناوخۆ ئاگادار دەکەنەوە کە بە هەمان میکانیزمی رابردوو، دۆلار لە رێگەی پەنجەرەی بانکە رێگەپێدراوەکان و بە نرخی فەرمی دەدرێت بە گەشتیاران. وتیشی،" پێویستە هاوڵاتیان دووربن لەو جۆرە بانگەشانەی کە دەیانەوێت سەقامگیری نرخی دۆلار تێک بدەن".

لەلایەکی دیکەشەوە، چاوگێکی ئاگادار لە بانکی ناوەندی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دابینکردنی دۆلاری کاش لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە بەردەوامە و سەرجەم گەشتیاران لە رێگەی بانکەکانەوە دۆلار وەربگرن. وتیشی،" کۆمپانیاکان خۆیان لە بانکی ناوەندی دۆلار وەردەگرن، چۆن دەتوانن دۆلاری کاش بە نرخی فەرمی بدەنە گەشتیاران؟".

هاوکات، ئەمڕۆ لە بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان وا بڵاوکرایەوە کە بانکی ناوەندی لە رێگەی ١٠٠ کۆمپانیاوە دۆلاری کاش دەداتە گەشتیاران و بۆ وەرگرتنی دۆلاری کاش بە نرخی فەرمی، دەبێت گەشتیاران بگەڕێنەوە بۆ ئەو کۆمپانیا رێگەپێدراوانە.













گەلەری