سەردێڕ:

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن؛ حکومەتى کاربەڕێکەر بەڵێنى درۆ بۆ لابردنى باجەکان دەدات

PM:08:53:23/07/2024

1460 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتى کاربەڕێکەر لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردندا، بەڵێنى درۆ بۆ لابردنى باجەکان دەدات بە هاوڵاتیان، لە کاتێکدا زیاتر لە ٤٥٠ جۆر باجى بەسەر هاوڵاتیان و کاسبکارانی هەرێمدا سەپاندووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، چەند جۆرێک باجیان لابردووە، لە کاتێکدا حکومەتى کاربەڕێکەر بە چەندین رێگەى جیاواز باج و سەرانە لە خەڵک وەردەگرێت و ٤٥٠ جۆرى جیاواز باج لە هاوڵاتیان و کاسبکاران وەردەگرێت.

راگەیەنراوەکەی حکومەتی کاربەڕێکەر هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هاوڵاتیانیش دەڵێن، "بەڵێنى درۆ بۆ لابردنى باج بۆ ماوەى دوو مانگ دەدەن و دوای هەڵبژاردن گیرفانی خەڵکی خراپتر دەڕوتێننەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێم لە رابردوودا کۆمەڵێک باجى سەپاندوە بەسەر هاوڵاتیان و کاسبکاراندا کە لە دونیادا لە وێنەیان نییە، لە نمونەى "باجى تەوالێت، کورتانى گوێدرێژ و دەرزى پەرەمێز".

حکومەتی کاربەڕێکەر ماوەی پێنج ساڵە، لە رێگەی ٤٥٠ جۆر باجی جیاواز و کەمکردنەوەی دەستی کاری ناوخۆیی و دابەشنەکردنی مووچە و دروستکردنی قەیرانی جیاواز جیاواز، ئاستی هەڵئاوسانی بۆ ٥.٢٨٪ بەرزکردووەتەوە.

لە کابینەی نۆدا داهاتی باج بە رێژەی ٦٢١٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیووە، ئەوەش دوای ئەوەدێت کە ٤٥٠ جۆر باجی جیاواز بەسەر سەرجەم هاوڵاتیان و دووکاندار و کۆمپانیاکاندا سەپێندراوە و ئەوەش وایکردووە کە نرخی کەرەستە خۆراکییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکان بەرێژەی ٢.٢٣٪ بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی بە پشتبەستن بە راپۆرتی مانگانەی دەستەی ئاماری حکومەتی کاربەڕێکەر ئاستی هەڵئاوسان بەم جۆرەیە:

باج و نەبوونی دەستی کاری ناوخۆیی بە رێژەی ٨.٥٧٪ نرخی گۆشتی سوور و مریشکی بەرز کردووەتەوە.

بەهۆی باجی ساڵانەوە نرخی شەکر و رۆن بە رێژەی ٦.٢٣٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بەهۆی باج و کەمکردنەوەی خەرجی نەخۆشخانەکان و دەرمانخانەکان نرخی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان بەرێژەی ٢.٥١٪ بەرز بووەتەوە.

بەهۆی گۆڕانکاری لە سیستمی کارەبا بۆ سیستمی پریپەیدی و کارەبای زیرەک، نرخی کاتژمێرەکانی کارەبا بەراورد بە عێراق بە رێژەی ٦٨.١٢٪ بەرزبووەنەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

تێکڕای ئاستی هەڵئاوسان بەهۆی ٤٥٠ جۆر باج و نەڕەخساندی دەستی کارەوە، بۆ ٥.٢٨٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیووە ، لەکاتێکدا عێراق لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا ئاستی هەڵئاوسان ی بۆ ٣.٤٠٪ کەم کردووەتەوە و ئاستی دەستی کاری ناوخۆیشی بەرز کردووەتەوە.


 













گەلەری