بەدیلى جەلالى و مەلایى یان هێڵى سێیەم؟
PM:01:00:05/09/2024
2524 جار خوێندراوەتەوە
خالید عەبدولکەریم
+
-
ئەوانەى زۆر بەووردى ئاگایان لە مێژووى ڕووداوەکانى شاخە لە شەستەکانەوە
تاکۆتایى هەشتاکان و چ لە شێوازى بیرەوەرى و توێژینەوە و هەڵدانەوەى مێژوو بە دیدێکى
ڕەخنەى خستویانەتەڕوو، کێشە و شەڕى براکوژى و زیانگەیاندن بەکوردبوون و پرسەکەى لەلایەن
یەکێتى و پارتیەوە بۆ ململانێى تایبەتى باڵى جەلالى و مەلایى دەگەڕێننەوە.
هەر بەو پێیە، باڵى جەلالى و مەلایى کە یەکەمیان دروستبونەکەى، سەربارى چەند
پێویستیەکى ناوخۆیى دەگەڕێتەوە بۆ خواست و ڕووداوى چەند وڵاتێکى ناوچەى و بەمەبەستى
دەستوەردان لە ڕووداوەکانى ناو عێراق و هەرچى دروستبوونى باڵى مەلایش دەگەڕێننەوە
بۆ بەرژەوەندى ئەو کاتى ئینگلیز لە ناوچەکە، بەهۆى ململانێکانى ئەم دوو باڵەوە مێژووى
ڕووداوەکانى شاخ پڕییەتى لە خوێنبەربوون، کوشتن و بڕین و دروستکردنى قەیران، شەڕى
براکوژى و داسەپاندنى حکومڕانیەکى خراپ بەسەر خەڵکى لادێکاندا.
کەچى ئێستاش ڕەگ و ڕیشەى ململانێى و شەڕى ئەم دووباڵە لە حکومڕانى شاردا ڕەنگیداوەتەوە،
بەڵام بەئامڕازى نوێتر، گەر لەکۆندا باڵى جەلالى و مەلایى هەر شەڕێکیان کردبێت و دەستى
هەر وڵاتێکیان بۆ بەشێک لەخاکى هەرێم ڕاکێشابێت، شەڕى میدیایان گەرم کردبێت، جۆرەها
کەرەستەى دژایەتیان بەکارهێنابێت، کوڕى خەڵکیان بەکوشت دابێت، کاتێک بەرژەوەندییەکانیان
کەوتۆتە مەترسیەوە کێشەیان نەماوە و دەستیانخسۆتە ناو دەستى یەکترەوە، کە ئەمجۆرە
سیاسەتەش تائێستا بەردەوامى هەیە.
٣٣ ساڵە کە ئەم دوو باڵە لەژێر ناوى پارتى و یەکێتیدا حکومڕانی هەرێم دەکەن، دەرد
و بەڵا نەماوە بەسەر هاوڵاتیانى هەرێمدا نەیانهێنابێت، قەیران بەقەیران ئیدارەدەدەن،
کوردبوون و پرسەکەیان لە عێراق و ناوچەکە و نێودەوڵەتیش لاوازکردووە و گرێیانداوەتە
بەرژەوەندیەکى خۆیانەوە کە بەرگرییە لە مانەوەى ئەزمونى گەندەڵى، لیستى مووچە دوا
نمونەی ئەم دەسەڵاتەیە کە دەیەوێت هەموو شتێک بکاتە قوربانى بندیوار و ئەزمونێکى سەقەتى
حکومڕانى بنەماڵەى و خێزانیى.
ئێستا کە هەڵبژاردنێکى جیاواز لەپێشە، هاوڵاتیان چاوەڕوانن ئەزمونى شەڕى بەرژەوەندى
مەلایى و جەلالى نێو حکومڕانی سەردەمدا کۆتایى پێبێت، چونکە زۆرینەى هاوڵاتیانى هەرێم
گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەى مانەوەى ئەم نەزم و سیستمە خێزانییە دەستکردە، دروستکراوە،
تادرێژە بکێشت، ئەوان لەماف و ئیمتیازات، لەپێشکەوتن و نۆژەنکردنەوە، لەخزمەتگوزارى
و موچە، لەچارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بێ بەشدەکرێن و هەروەها مانەوەى
دەیان قەیرانى خوڵقێنراو درێژەیان دەبێت.
لەدواى وتەکەى
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى
نوێ لەسەر شەڕى بەرژوەندییەکانى جەلالى و مەلایى کە ڕایگەیاند، لەژێر ناوى پارتى و
یەکێتیدا درێژەیان پێداوە، تەنها لەبانگەشەى هەڵبژاردندا دەتوانن جنێو بەرهەمهێنن
و برینەکانى شەڕى ناوخۆ بۆ مەبەست بکولێننەوە و سۆزى لایەنگرانیان پێڕابکشێن، بەڵام
دواتر وەکخۆیان وتیان تاکەیان لەسەرلاچوو دەگەڕێنەوە سەر ئەسڵى خۆیان و دەستدەکەنەوە
بەبرابەشى.
بەڵام بۆ ئەمجارەیان، کەچاوەڕێ دەکرێت ئەزمونى جەلالى و مەلایى بچێتە ناو مێژوەوە،
خەڵکى چاوەڕوانە ئەزمونێکى نوێ تاقى بکاتەوە، کە لەهەناوى ئەو ئەزمونە تاڵەوە نەهاتبێت،
بەڵکو ئەزمونێکى نوێ بێت بۆ حکومڕانیى، کە لەپلان و بەرنامەکانى هێزێکى وەکو نەوەى
نوێدا خۆى دەبینێتەوە، ئێستا کە ئەم هەڵبژاردنە دوا دەرفەتە بۆ ماڵئاوایى کردن لەئەزمونى
حکمومڕانى پارتى و یەکێتى( جەلالى و مەلایى) ، ئەرکێکى قورس دەکەوێتە سەر دەنگدەران،
بەهۆى جیاوازى ئەم هەڵبژاردنە لەڕووى لۆجستى و مێژووى و سیاسیەوە کە عێراق و نێودەوڵەتى
سەرپەرشتى دەکەن و دەرفەتى ساختەکارى نەهێڵدراوەتەوە، دوا چرکەساتە دەنگدەر هێزى ڕەسەن
هەڵبژێرێت و کۆتایى بەمێژووى ململانێى وحکومڕانى سەردەمى جەلالى و مەلایى بهێنێت و
ئەمەش بکاتە هێڵى سێیەمى دەسەڵات کە شەرعیەتەکەى لەهەناوى خەڵکیەوە هەڵبقوڵێت نەک
بەرژەوەندى دەرەکى.