سەردێڕ:

١٠/٢٠ خاڵی وەرچەرخان

PM:07:23:01/09/2024
3312 جار خوێندراوەتەوە
یاسین رەسول
+ -

"ستبقى القضية الكوردية ابدا بحاجةالى اخلاق ووحدة وحسن سلوك قبل حاجتها الى سلاح"

جرجیس فتح اللە المحامی

شەست ساڵى ڕەبەقە زۆر بەوردیش پاش کۆنگرەی ماوەت و جیابونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتیلە سەرۆکەکەی لەساڵی ١٩٦٤ کۆمەلگەی کوردەواری ئالودەو گیرۆدەی دەستی بیرکردنەوەی دوو گروپە کە راستتر وایە دوو بنەمالەیە، پاشتر ئەم دوو بنەماڵەیە جیاوازیەکانیان لەسەر هەرچی ولەبەر هەرچی بوبێت، کە زۆری لەسەر وتراوەو لێکدانەوەی لەسەر کراوە، ئەم دوو بنەمالە لە فۆرمێکدا خۆیان نمایش دەکەن و مانفیستی تایبەت بەخۆیان دەبێت و کۆمەڵگەی کوردی دووکەرت دەکەن . دواتر هەریەک لایەنگر لەسەر حسابی ئەوی تر بونیات دەنێت و کار لەسەر تیکشکاندن و سرینەوەی بەرامبەرەکەی دەکات ،بەهەر نرخێک بێت.هەموو شتێکیان کردوە لە پیناو ریسوا کردنی برا کوردەکەیان، تەنانەت گەر دەستیش لەگەل دوژمنەکانی نەتەوەی کورد تێکەل بکەن، پاش ئەم ناکۆکی و دژە یەکیە هەریەکەیان رێباز و قوتابخانەیەک بۆ خۆیان دادەمەزرینن و ئەوکات پیی گوتراوە ( جەلالی و مەلایی).

جەلالی هەلگری بیری چەپ و خۆ بە خوێندکاری ماوتسی تۆنگ زانین و شەری چەپگەرایی و چینی پرۆلیتاریا و هیزی پیشکەوتوخواز و تاوانبار کردنی کوردە هاوزبانەکەی بە کۆیلایەتی و فیودالیەت و خێلەکی بوون و کۆنەپەرستی....هتد .

لەبەرامبەریشدا مەلایی کاری لەسەر بەموقەدەس کردن و کاریزماکردنی خود و بەئەهریمەن و کافری و جاشایەتی ودەستی دەرەکی وبیگانە پەرستی دەکردە شوناسی هاومەکتەب سیاسیەکەی دوێنێ .

کاریگەری ئەم دوژمنایەتیە زۆر نێگەتیفانە و نەرییانە بوو لەسەر تەواوی کۆمەڵگەی کوردی بەتەواوی رەهەندە سیاسی و ئابوری وکۆمەلایەتیەکەیەوە

کۆمەڵگەین کوردییان فێری دوورووی و نیفاقی سیاسی وگەندەڵی کرد تائیستە رەنگدانەوەی بەردەوامە .

لەراستیدشەر وناکۆکیەکە لەسەر دەسەلات وپول وپارە وداهات بووە،هەردوولا خۆیان کردوەتە تاکەفریاد رەسی نەتەوەی کورد. هەرکەس دەرچوبێت لە تەوەر و جوغزی بیر کردنەوەیان بە جاش و بەکرێگیراو و خۆ فرۆش هاتوەتەوێنا کردن.

بەردەوام جەخت دەکەن لەسەر ئەوەی چارە نوسی نەتەوە بەستراوە وپەیوەستە بەبون ومانەوەیان و پەیرەوکردنی بیر وبۆ چونەکانیان، لە کاتیکدا نەتەوەی کورد هەزاران ساڵ پیش ئەمانەهەبوەو تۆکمە تر و بەهیز تر داکۆکی لە مۆرکی نەتەوایەتی کردوە.

ئەو لێکترازانەی جەلالی و مەلایی لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری کاریگەری نیگەتیفی لەسەر نەتەوەی کورد هەبوە،

پاش پایانی جەنگی جیهانی دووەم بزوتنەوە رزگاری خوازەکانی جیهان چالاک بون و نەتەوە ژێر دەستەکان راپەرین و داوای مافی چارەی خۆنوسینیان دەکرد ، نەتەوە یەکگرتوەکان بەیاننامەی مافی مرۆڤی راگەیاند، سەردەمی مل ملانیی ئەم دوو دەستەیەی (مەلایی وجەلالی) سەردەمی جەنگی سارد و بالادەستی دووسەربازگەی سوسیالیزمی و سەرمایە داری بوو،لەبری ئەوەی ئەم دوو دەستەیە کاربکەن لەگەل هیزەکانی هەردوو سەربازگەکە، هەول بدرێت زۆرترین سود مەندی بۆ نەتەوەکەیان بەدەست بهێنن و ببنە هێزێکی فشار بۆ وەدیهینانی خەونەکانی نەتەوەی کورد، بەردەوام ململانی و شەری ئەم دوو بنەماڵە بوەتە مۆتەکە بۆ خەونی سەربەخۆیی کورد،

ئەم ململانێ ناتەندروستە تاهەنوکە بەزیان شکاوەتەوە بەسەر دۆزی کوردا چەندین ساڵە خەباتی رەوای ئەم نەتەوەی دواخست و روبارێک لە خوێنی مرۆڤی کوردی لوشداو دەیان نەوەی شیواندو ئەوانەی لەسەردەمی جەلالی ومەلاییدا ژیاون خێریان لە ژیانیان نەدیوە.

جارێکی تر و پاش راپەرینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ و بەهۆی ئاشنا بونی جیهان بە دۆزەکەمان لە رێگەی دۆسیەی کیمایی باران کردنی هەلەبجە و تراژیدیای ئەنفالەوە پیشوازی لە نوێنەرانی کورد دەکرا.

بەڵام لەبری ئەوەی هەموو تواناکان بخەنەگەر بۆ زیاتر ئاشنا کردنی جیهان بە دۆزەکەمانهاتن لەسەر گومرگ و دەسەلات وداهات دوبارە شەری یەکتر کوژیی و پاکتاوکردنی یەکترییان درێژە پیدا، بونە پەلەیەکی شەرمەزاری بە سەر کەیسی نەتەوەیەکەوە.پەیامی ناحەزانیان سەلماند کەکورد ناتوانێت ئیدارەی خۆی بدات و شایانی قەوارە سیاسی نیە.،

لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستانیش کۆمەلگەیان کردە دووسەربازگەی دژ بەیەک وهەریەک هەڵگری ئایدیولۆژیایەکی حزبی تەسک بون، لەبری ئەوەی ئەم جودایی و جیاوازیە ببێتە فاکتەرێکی بەهیزی خزمەتکردنی مرۆڤی کورد هەریەک بونە بەلایەک و رژان بەسەر هاولاتی کوردی بێ دڵسۆزدا. چەند بارە کۆمەڵگەیان لەت کرد( سەوز ، زەرد، قوتابی ، خوێندکار، ژنان ،ئافرەتان ، لاوان ، گەنجان ، زانیاری، پاراستن ،قودسی کوردستان ، دڵی کوردستان)

دواتر مەلاییەکان لە لاپەرەیەکی شەری کورد کوژیدا ولەسەر دەسەلات و داهات پەلکیشی درەندە ترین سوپای دوژمن و سەرۆکی دکتاتۆری میژووی عراقی کرد و هەولیری داگیر کردەوە ؟ !!

سەمەرەیەشەست سالە مەلایی کار لەسەر سرینەوەی جەلالی دەکات وجەلالی کار لەسەر سڕینەوەی مەلایی دەکات هەنوکەش دەیانەوێت بەهەمان میتود درێژە بەم تراژیدیایە بدەن،جووت بنەمالە دەریایەک خوێنی خەڵکیان رشتوە و دەیانەوێت بە هەمان میتود بەردەوام بن

لەوە تیدەگەین لە سیاسەتدا دۆست ودوژمنی هەمیشەیی نیە،بەلکو بەرژەوەندی هەمیشەیی هەیە، بەلام ئەمانە هێندە قێزۆونانە کار دەکەن بیمۆرالترین سیاسی جیهان لەئاستیان شەرمەزارە.

زۆرجار وەک هەڵویستێکی سۆزداریانە و دیماگۆجیانە یاخود وەک هەستکردن بە تاوان وخۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتی دەوترێت با لاپەڕە شومەکانی شەری ناوخۆ هەڵنەیەینەوە!!!!خزمەت بەدۆزەکەمان ناکات !!!ئەم قسەیە بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵکە، چونکە ئەوان بە کولاندنەوەی ئەو برینانە ئیشیان پی دەگات، ئەوانێک گوێ نادەنە ئازارەکان و بی ژیانی و بێ موچەی و بێ کارەبایی و بێ خزمەتگوزاری و بەکرێ گیراوی ولاتانی هەرێمایەتی و جیهانی و گوێ نادەنە خواستەکانی تاک و مرۆڤی کورد ئەوانێک تارق رەمەزانیان ئازادکرد کە کیمیاوی کردبوو بەسەر هەڵەبجەدا و جاش وموستەشارەکانی بەعسیان کردوە بەبریار بەدەست و براگەورە وشەهید و دیواخانانەیان بو بڕیونەتەوە، ئیدی نەوەی نوێ بۆ گوێ بداتە هەولە دیماگۆجیەکانیان؟!!!! ئەوانێک لە دەروازەی دوژمنە مێژویی وسیاسیەکانی نەتەوەدا وەستان وکڕنۆشیان برد و کوڵم و دەستیان ماچ کردن بۆ ئەوەی شەری بنەماڵەییان بۆ کۆتا پیبهینن و چارەسەریان بۆ بکەن، دوژمنانێک کە هەمیشە گاڵتەیان بە کوردو نەتەوەی کوردو زمانی کوردی کردوە، تائیستەش دان نانێن بە کورددا وەک نەتەوە و بەتورکەکانی شاخ ناوزەدمان دەکەن ، مەلایی و جەلالی لەبەردەمیاندا ئەژنۆ و چۆک شکاون ،ئیتر نەوەی نوێ چۆن زویر نابێت و بۆچی برینی شەری بنەمالەییان نەکولێننەوە؟!!!

خۆش بەختانە هەنوکە نەوەیەکی هۆشیاری سەردەمی مافی مرۆڤ و دیموکراسیەت و ئازادی رادەربرین و هاتونەتە گۆرەپانەکە وتێگەیشتون زۆرباش خەباتی حەقیقی و شۆرشگیری حەقیقی جودا دەکەنەوە لەوانەی بازرگانی شەڕن و سازش لەسەر دۆزی رەوای گەلەکەیان دەکەن . درۆکانیان بەسەر نەوەی نویدا تیناپەڕێت و نەوەیەکن بە دۆعای پڕ ساختە و فری و خوازیی و دیماگۆجیەتی مەلایی و جەلالی نالێن ئامین سەرقاڵی داڕشتنی ستراتیژێکن بۆ ئاسۆی نەتەوە دەڕوانێت و پایانێک دادەنێن بۆ مەهزەلەی جەلالی ومەلایی.

گەلەری