سەردێڕ:

ساڵ لەدواى ساڵ عێراق پشتبەستن بە داهاتى نەوت کەمدەکاتەوە

PM:11:08:22/07/2024

888 جار خوێندراوەتەوە

هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ وازهێنان لە داهاتی نەوت و پشت بەستن بە داهاتی نانەوتی بەرهەمی باشی هەبووە و وەزارەتى دارایی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ داهاتە نانەوتیەكان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەجۆرێك لە پێنج مانگدا گەیشتووەتە زیاتر لە حەوت ترلیۆن دینار.


وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کردوە، قەبارەی داهاتەكانی دەوڵەت لەماوەی پێنج مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا، ٥٤ تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە کە نزیكەی ٤٠ ملیار دۆلار دەكات، داهاتە نەوتیەكانیش ٨٧٪ داهاتی دەوڵەت پێكدەهێنێت، هەرچى داهاتى نانەوتیشە، بۆ نزیکەی ١٣٪ بەرزبووەتەوە، ئەوەش گۆرانگارییەکى گەورەیە بەراورد بە هەمان ماوەى ساڵى رابردوو.

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر داهاتی نانەوتی عێراق تەنها لە ٧٪ داهاتی عێراقی پێکدەهێنا، بەڵام لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی عێراق بۆ زیادکردنی داهاتی نانەوتی داهاتی نانەوتی زیادیکردوە.

پێشتریش حکومەتی عێراق رایگەیاند، بۆ رەخساندنى هەلى کاری زیاتر لە کەرتى تایبەتدا و بەرەوپێشبردنى زیاتری ئەو کەرتە، چەندین ڕێککەوتننامەی لەگەڵ بانک و دامەزراوە داراییەکانى چەند وڵاتێک واژۆکردوە لەوانە، ڕێککەوتن لەگەڵ چەند دامەزراوەیەکى ئیتالی بۆپێدانی قەرز بۆ پێشخستنی کەرتی تایبەت بەبڕی زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆ، هەروەها ڕێککەوتن لەگەڵ بانکە ژاپۆنییەکان بۆ وەرگرتنی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار قەرز ، ئەوەش بۆ دابینکردنى پارەى پێویست بۆ دامەزراندنى چەندین کارگەى گەورە لەلایەن کەرتى تایبەتەوە لە بوارەکانى دەرمان و خۆراک و کشتوکاڵ و چەند بوارێکى تر.

لە ئیستادا زۆرینەى ئەو وڵاتانەى کە بەشێوەیەکى سەرەکى پشت بە فرۆشتنى نەوت و غاز دەبەستن بۆ دابینکردنى بودجەى وڵات، روویان لە برەودان بە گەشەى داهاتە نانەوتییەکانیان کردووە لەوانەش وڵاتانى کەنداو، ئەوەش بۆ خۆپاراستن لە ناجێگیریى نرخى نەوت و غاز و رەخساندنى هەلى کاری زیاتر بۆ دەستى کارى ناوخۆیی.













گەلەری