سەردێڕ:

زیاتر لە هەزار ئاوارەی دیکە لە کەمپەکانی دهۆکەوە گەڕانەوە شنگال

PM:06:09:22/07/2024

1080 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، هەزار و ٨٤١ ئاوارە لە کەمپەکانی دهۆکەوە گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان لە شنگال سەر بە پارێزگای نەینەوا.


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجامی بەردەوامی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان و داخستنی کەمپەکان، ژمارەیەک ئاوارەی دیکە لە کەمپەکانی دهۆکەوە گەڕانەوە ناوچەکانیان.

باسی لەوەش کرد، ژمارەی ئەو ئاوارانە هەزار و ٨٤١ کەسە کە لە کەمپی کەبیرتۆی یەک و دوو لە پارێزگای دهۆکەوە گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان لە شنگال سەر بە پارێزگای نەینەوا.

ئەوەشی خستە روو، هاوشێوەی ئەو ئاوارانەی کە لەماوەی رابردوودا گەڕانەوە زێدی خۆیان، بڕی چوار ملیۆن دینار هاوکاری دارایی بەسەر ئاوارەکاندا دابەش کرا، ئەوە جگە لە دابەشکردنی کەلوپەلی ناوماڵ و پێداویستییەکانی دیکە بەسەریاندا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و بەرپەرچدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک رایگەیاند، بە هاوکاری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ١٢٨ خێزانی ئاوارە لە یەکێک لە کەمپەکانی سنووری دهۆکەوە گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان لە شنگال.

حکومەتی عێراق پێشتر بڕیاری دابوو تاوەکو رۆژی ٣٠ـی ئەم مانگە، سەرجەم کەمپی ئاوارەکان دابخرێن و تەواوی ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.













گەلەری