سەردێڕ:

لە کرێکاریدا کەوتە خوارەوە و بەسەختی بریندار بوو؛ لەسەر جێگاوە تاقیکردنەوەی ئەنجامدا

PM:04:43:21/07/2024

8444 جار خوێندراوەتەوە

خوێندکارێکی قۆناغی چوارەمی بەشی کارێگێڕی رێکخراوە گەشتیارییەکان بوو لە زانکۆی سەڵاحەدینی هەولێر، بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی لەگەڵ خوێندنەکەیدا کرێکاریی دەکرد.


عامر یونس مستەفا؛ دوای چەندین ساڵ خوێندن لەکۆتاییدا گەیشتە کۆتا قۆناغی زانکۆی لە بەشی کارگێڕی رێکخراوە گەشتیارییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، عامر لەگەڵ خوێندنەکەیدا وەک زۆرینەی خوێندکارانی دیکەی زانکۆ کاری دەکرد.

رۆژێک عامر و هاوڕێیەکی رۆژێکی پڕ لە ماندووبوون و کارکردن بەڕێدەکەن و لە کۆتایی کارەکەیاندان؛ بەڵام لەگەڵ هاوڕێکەیدا لە باڵەخانەیەکی ١٧ نهۆمییەوە دەکەونە خوارەوە.

دوای رووداوەکە و گەیاندنیان بە نەخۆشخانە؛ بەڵام هاوڕێکەی گیانلەدەست دەدات و عامریش بە سەختی بریندار دەبێت.

دوای ماوەیەکی زۆر لە مانەوە لە جێگەدا؛ لەگەڵ ئەو برینە سەختەی خۆیدا عامر بڕیار دەدات رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆئەوەی بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا بکات و خوێندنی لەدەست نەچێت، بۆیە بۆ ئەو مەبەستە؛ پەیوەندی بە بڕیاردەری بەشەکەیەوە دەکات و داوایان لێدەکات یارمەتی بدەن و رێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆئەوەی بەشداری تاقیکردنەوەکان بکات.

دواتر بڕیاردەدەن بە ئامادەبوونی دوو مامۆستا، یەکیان مامۆستای بابەت و یەکیان وەک شایەتحاڵ عامر دوو تاقیکردنەوەی بەرێگای ئۆنلاین ئەنجامدەدات.

نزیک دەبێتەوە لەوەی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ی زانکۆ بەرەو کۆتایی بچێت عامر کە خوێندکاری قۆناغی چوارە، پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵەکەی ئەجامبدات.

لەکۆتاییدا بڕیار دەدرێت بەوەی، عامر لەناو ئۆتۆمبێلێکدا بە پاڵکەوتوویی تاقیکردنەوەکان ئەنجامبدات، بەجۆرێک کەسێک وەڵامەکانی بۆ بنووسێتەوە و کەسێکی دیکەش وەک چاودێر ئامادە بێت.

کاتی تاقیکردنەوەکان دێت و عامر وەک ئەوەی بڕیاری لێدراوە، لەناو ئۆتۆمبێل دەبرێتە زانکۆ و رۆژانە بەو جۆرە تاقیکردنەوەکانی ئەنجامدەدات.

زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاندووە، عامر لەکۆتاییدا ئەمساڵ توانی تاقیکردنەوەکانی ئەنجامبدات و نمرەی بەرز و باشی بەدەستهێناوە و یەکێکە لە دەرچووانی ئەمساڵی خوێندنی زانکۆکە.
هـ.ئـ













گەلەری