سەردێڕ:

بازرگانیی هەرێم: زیاتر لە ٦٨٥ هەزار تۆن گەنممان لە جوتیاران وەرگرتووە

PM:01:34:21/07/2024

864 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم کۆتایی هاتووە و زیاتر لە ٦٨٥ هەزار تۆن گەنمیان لە جوتیاران وەرگرتووە. دەشڵێت، "چاوەڕوان دەکەین لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواوی پارەی گەنمی جوتیاران لە بەغداوە بنێردرێت".


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، رۆژی هەینی رابردوو، دوا رۆژی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم بووە لە سایلۆکانی هەرێم و پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمەکە ماوەی ٤٠ رۆژی خایاندووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، وا بڕیار بووە لەو ماوەیەدا ٧٠٠ هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەر بگیرێت، بەڵام، بڕی ٦٨٥ هەزار و ٩٧٤ تۆنیان لە جوتیاران وەر گرتووە.

ئەوەش خراوەتە روو، ئەو بڕەی نەتوانراوە لە جوتیاران وەربگیرێت ١٤ هەزار و ٢٥ تۆن گەنم بووە، ئەوەش بەهۆی ئەو گەنمە بەپێی ئەو مەرجانە نەبووە کە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دایناوە.

باس لەوەش کراوە، کۆی گشتیی پارەی جوتیاران نزیکەی ٥٩٠ ملیار دینارە و لەو بڕەش، تا ئێستا ٧٤ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ هەرێم نێردراوە و بەسەر جوتیاراندا دابەش کراوە، بەجۆرێک، ٢٨ ملیار دینار بۆ جوتیارانی سلێمانی، ١٧ ملیار دینار بۆ جوتیارانی هەولێر و ٢٩ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ جوتیارانی دهۆک بووە.

ئەوەش هاتووە، بڕی ئەو پارەیەی وەک شایستەی جوتیاران ماوە و پێویستە بەغدا بینێرێت بریتیە لە ٥١٥ ملیار دینار، چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان و پاش تەواوکردنی رێکارە کارگێڕییەکان، بەسەر جوتیاراندا دابەش دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٦ـی حوزەیرانی ئەمساڵ پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم دەستی پێکرد و تا ١٩ـی ئەم مانگە بەردەوام بوو.













گەلەری