دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو نرخی زێر گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودا، بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی لە کۆمپانیایی مایکرۆسۆفتەوە بۆرسەکانی جیهان گرفتیان بۆ دروستبوو؛ ئەوەش وایکرد نرخی ئاڵتوون ٧٥ دۆلار لە بەهاکەی لەدەستبدات، لە بازاڕەکانی هەرێمیش ١٦ هەزار دینار دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەمڕۆ شەممە، نرخی زێر لە بازاڕەکانی جیهان دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە و لە ئێستاشدا یەک ئۆنسە لەو کانزا زەردە بە دوو هەزار و ٤٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دابەزینی نرخی زێر لە بازاڕەکانی جیهان بۆ چەند هۆکارێک
دەگەڕێتەوە دیارترینیان، نەخۆشکەوتنی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا، دروستبوونی کێشەی
تەکنیکی لە سێرڤەری مایکرۆسۆفت کە ٩٠ دامەزراوەی ئابووری جیهانی وەک بانکەکان و
بازاڕەداراییەکانی پەکخست.
هاوکات دابەزینی نرخی زێر لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان
بەدەرنەبووە لەو گۆڕانکارییە جیهانیانە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕدا تاوەکو کاتی
داخرانی بازاڕەداراییەکان نرخی هەر مسقاڵێک ١٣ بۆ ١٦ هەزار دینار دابەزینی بەخۆیەوە
دیوە.
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی شەممە تا رۆژانی
دووشەممەی هەموو هەفتەیەک گۆڕانکاری لە نرخی زێردا پەیوەستە بە گۆڕانکارییەکانی
نرخی دۆلار لەناوخۆدا و ئەوەش وایکردووە لەگەڵ هەر بەرزبوونەوەیەکی نرخی دۆلاردا
نرخی زێریش راستەوخۆ لەگەڵیدا بگۆڕێت.
نرخی مسقاڵێک زێڕ لە هەرێم بەم جۆرەیە:
زێڕی عەیار ١٨ به ٤٣٠ هەزار دینارە
زێڕی عەیار ٢١ به ٥٠٥ هەزار دینارە
زێڕی عەیار ٢٢ به ٥٣٠ هەزار دینارە
زێڕی عەیار ٢٤ به ٥٧٥ هەزار دینارە