سەردێڕ:

لە هەرێم ١٩٠ پاڵاوتگەی نایاسایی هەن کە خاوەندارێتییان بۆ بەرپرسانى دەسەڵات دەگەڕێتەوە

PM:10:10:18/07/2024

1516 جار خوێندراوەتەوە

١٩٠ پاڵاوتگەی نایاسایی لە هەرێم هەن، کە خاوەندارێتییان بۆ بەرپرسانى پارتى و یەکێتى دەگەڕێتەوە و تەنانەت باجیش نادەن بە حکومەت. ئێن ئاڕ تی زانیویەتی، سەرجەم پاڵاوتگەکان کاریان پاڵاوتن و رێکخستنی نەفتایە و بەشێکی بەنایاسایی و لەڕێگەی قاچاخەوە ئاودیوی دەرەوەی هەرێم دەکرێت.


زۆربه‌ی پاڵاوتگەکان مه‌رجی ژینگه‌پارێزی و مۆڵه‌تی فه‌رمیان نیه و بەنایاسایی کار دەکەن، هاوکات بەهۆی پاشماوەکانیان کارەساتێکى ژینگەییان دروست کردووە و خەریکە گوندەکانى چواردەوریان چۆڵی دەکەن.

هاوڵاتیانی نیشتەجێی نزیک پاڵاوتگەکانیش باس لەوە دەکەن، پاشماوەی پاڵاوتگەکان کاره‌ساتی ژینگه‌یی به‌دواوەیه ‌و وا بڕوات گەر گوندەکان چۆڵ نەبن دەبێت ژیان لەگەڵ ئەو پاشماوانە بەڕێ بکەن.

ئەوەش دەخەنە روو، دوکەڵ و بۆنی ناخۆش تەنگی بە دانیشتوانی گوندەکان هەڵچنیوە و ژیانی لەبەر دارودرەختیش بڕیوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە هەرێمی کوردستان ١٩٠ پاڵاوتگەی نایاسایی هەن، ١٢٤ پاڵاوتگەیان لە پارێزگای هەولێرن و ٣٧ پاڵاوتگە لە دهۆک و ٢٩ پاڵاوتگەشیان لە پارێزگای سلێمانین.

هاوکات، ئێن ئاڕ تی زانیویەتی کە سەرجەم پاڵاوتگەکان، کاریان پاڵاوتن و رێکخستنی نەفتاوە و رۆژانە نەفتاو دەپاڵێون، بەشێک بەنایاسایی و لە رێگەی قاچاخەوە ئاودیوی دەرەوەی هەرێم دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، حکومەت ئاگادارە لە بوونی پاڵاوتگە نایاساییەکان و باج و گومرگیان لێ وەرناگیرێت، نەوت دەکڕن و بەقاچاخ ساغیدەکەنەوە، جگە لە زیانی ماددی و تەندروستی هیچ سوودێکیان نییە بۆ هاوڵاتیان، بەڵکو قازانجی بەرهەمەكانیان تەنیا بۆ بەرپرسانی دەسەڵاتە.













گەلەری