جارێکی دیکە بەهۆی بانگەشەوە پارتی و یەکێتی دەستیان کردووە بە بەڵێنەکانیان، ئەم جارە دەڵێن، گومرگ لەسەر بەنزین هەڵدەگرن و نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکەن، بەڵام هەر وەکو بەڵێنەکانى پێشتریان نایبەنە سەر و دۆخەکە بۆ خەڵکی خراپتر دەبێت.
بای بانگەشەی پارتی و یەکێتی هەڵیکردەوە و ئەوانیش وەک بەڵێنەکانی پێشتریان دەستیان کردووە بە شەنکردنی بەڵێنێکی زۆر و زەوەند بە هاوڵاتیان و تاوەکو جارێکی دیکە متمانەیان پێبدەنەوە.
پارتی و
یەکێتی چوار ساڵی پێش هەڵبژاردنەکان سەرقاڵی بازرگانی و پێکەوەنانی سامانەکانیان
دەبن لە سەر حسابی خەڵکی هەرێم و لەگەڵ نزیکبوونەوەی
هەڵبژاردنیش دێنەوە ناوخەڵک و دەست دەکەنەوە بە بەڵێندان بە هاوڵاتیان و قاوەنە کۆنەکانیان،
یەکێک لە بەڵێنەکانیان دابەزاندن و هەرزانکردنی نرخی سووتەمەنییە بەبێ ئەوەی بەردێک
لەو بەڵێنە و بەڵێنەکانی تریان خستبێتە سەر بەردێک.
بانگەشەی هەڵبژاردن
پارتی و یەکێتی ناچار دەکات، بێنەوە سەر میدیاکان وبڵێن، گومرگ لەسەر نەوتی سپی و
بەنزین هەڵدەگرن و وەک پاڵپشتیش نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەکەن. دواتریش بەبێ
جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و هەرچیان وتوە دەبێتە هەڵم.
پارتی و یەکێتی
دوای هەموو هەڵبژاردنەکانیش لەڕێگەی کۆمپانیاکانیانەوە نرخی بەنزین و نەوتی سپی و
چەندین بابەتی دیکەیان دەخەنەوە ئاستی خۆی و باج و رسوماتەکانیان چەند هێندە بەرز
دەکەنەوە، بۆیە دەبێتە هاوڵاتیان نەکەونە نێو تەڵەی بەرپرسانی ئەو دوو حزبەوە کە لە
رابردوو نەک نەوتی سپیان هەرزان نەکردووە، بەڵکو لەبری دابەشکردن نەوتەکەیان بە هەمان
نرخی بازاڕ بە هاوڵاتیان فرۆشتووە، کە یەک بەرمیل نەوتیان بە ١٠٥ هەزار دینار دیاری
کردبوو، بەڵام هاوڵاتیان ئامادە نەبوون بیکڕن.
ئەمە لە کاتێکدایە،
بەرپرسەکانی ئەو دوو حزبە بە شەو و بە رۆژ نەوتی ئەم وڵاتە تاڵانفرۆش دەکەن و رۆژانە
٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشن کە داهاتەکەی بە نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت،
بەڵام یەک دیناری بۆ مووچە و خزمەتگوزاری ناڕوات. بە واتایەکی تر، لەم هەرێمە رۆژ
بە رۆژ گیرفانی دەسەڵاتداران زیاتر هەڵدەتۆقێت و پەراسوی خەڵکی رەشوڕوتی هەرێمیش زیاتر
دەردەکەوێت.