سەردێڕ:

بەشێک لە کوێستانەکانی سنووری برادۆست بۆردوومان دەکرێن

PM:08:45:18/07/2024

3508 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە، بە چڕی کوێستانەکانی لۆلان و رۆبی و رواڵ لە سنووری برادۆست بۆردوومان دەکرێن. دەشڵێت، " هێشتا ئەو ئاگرەی کە بەهۆی بۆردوومانەکانی دوێنێوە لە چیای بەشکەن لە برادۆست کەوتووەتەوە نەکوژاوەتەوە".


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە ئێستادا کوێستانەکانی لۆلان و رۆبی و رواڵ لە سنووری برادۆست لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بۆردوومان دەکرێن.

ئاماژەی بەوەش کرد، بۆردوومانەکان ئەوەندە چڕن لە سەنتەری قەزای سیدەکان دەنگەکەی دەبیسترێت و رووناکییەکەی دەبینرێت.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی بۆردوومانەکانی دوێنێ چوارشەممەوە، هێشتا ئەو ئاگرەی لە چیای بەشکەن لە برادۆست کەوتووەتەوە، نەکوژاوەتەوە.

ئەوەشی خستە روو، تا ئێستا زیانە گیانی و ماددییەکان بەهۆی بۆردوومانەکانەوە نەزانراون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، چەند جارێک کوێستانەکانی شەکێو و لۆلان لە سنووری برادۆست لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بە چڕی بۆردوومان کران و بەهۆیەوە ئاگر لەو ناوچانە کەوتەوە. 

کۆتایی هەفتەی رابردووش، گوندی لۆلان لە سنووری برادۆست بۆردوومان کرا و بەهۆی بۆردوومانەکەوە دوو کەس بریندار بوون کە برینی یەکێکیان سەخت بوو.

کەریم کەیفی - سۆران 












گەلەری