سەردێڕ:

لە رووداوێکی هاتوچۆدا شەش پێشمەرگە بریندار بوون

PM:05:50:18/07/2024

1348 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە چوارڕیانی شێخان لەسەر رێگای نێوان هەولێر-دهۆک رووداوێکی هاتوچۆ روویداوە و بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە بریندار بوون.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە دهۆک رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە چوارڕیانی شێخان لەسەر رێگای نێوان هەولێر-دهۆک سێ پاسی کۆستەری پێشمەرگە لەگەڵ بارهەڵگرێک پێکیاندا داوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی رووداوەکەوە شەش پێشمەرگە بریندار بوون و بە مەبەستی چارەسەر گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی شێخان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رووداوەکانی هاتوچۆ، بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان لە هەرێمدا دادەنرێن، کە شۆفێران بەشێکی زۆری بۆ خراپی رێگاوبانەکان و نەبوونی سیستم لە رێگاوبانەکان و هاتوچۆی بەردەوامی بارهەڵگرەکان بە رێگای سەرەکی هاوڵاتییاندا دەگەڕێننەوە و هاتوچۆش جگە لە رێگاوبان، بەشێکی بۆ تیژڕەوی و پابەند نەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ دەگەڕێنێتەوە.

هاوکات، لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان ١١ هەزار و ٥٥٢ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و بەوهۆیەوە سێ هەزار و ١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٢ هەزار و ٦٧٧ کەسیش بریندار بوون.
تائیف گۆران - دهۆک 













گەلەری