سەردێڕ:

پێناسێکی ئەلیکترۆنی کۆنترۆڵی داهاتی دەروازە سنورییەکانی هەرێم و عێراق دەکات

PM:04:03:17/07/2024

1564 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرجەم بازرگانان و کۆمپانیاکان پێویستە سەردانی وەزارەتی بازرگانی و دەستەی گومرگی عێراق بکەن بۆ دروستکردنی پێناسی هاوردەکردن و هەناردەکردن، بە پێچەوانەوە مافی هاوردە و هەناردەیان نامێنێت، وتیشی، لەم هەفتەیەوە سەرجەم بازرگانان دەخرێنە ژێر چاودێری هاوردە و هەناردەی بانکییەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، چاوگێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە گوێرەی یاسای هاوردە و هەناردەکردنی عێراق و ماددەی ٢٠ـی یاسای دەستەی گومرگ، مامەڵەی هاوردەکردن و هەناردەکردن بەڕووی ئەو بازرگانانەدا راگیراوە کە هەڵگری پێناسی ئەلیکترۆنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نین، بۆ ئەو مەبەستەش بازرگانان بۆ دروستکردنی پێناسی بازرگانیی هاوردەکاران یاخود هەناردەکارانی عێراق، دەبێت سەردانی دەستەی گومرگ بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەکانی رابردوودا سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی تاوتوێی کردنەوەی دوو سەکۆی تایبەتیان بە هاوردەکردن و هەناردەکردن کردبوو، بە گوێرەی پلانەکانیشیان چیتر بازرگانان بەبێ رەزامەندی بانکی ناوەندی ناتوانن هیچ مامەڵەیەک بکەن. وتیشی، "ئەم پرۆسە و هەنگاوە بازرگانانی نێودەوڵەتی و دەرەوەی عێراقیش دەگرێتەوە".

بۆچی سودانی ئەو هەنگاوەی ناوە؟

ئەو هەنگاوەی سودانی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بۆ کۆتاییهێنانە بە سەرجەم مامەڵە داراییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، کە دەکرێت بە هۆیانەوە دۆلار یاخود هەر دراوێکی دیکە سپی بکرێتەوە، لەگەڵ تەواوبوونی رێکارەکانیش، لە ژێر سەرپەرشتی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق سەکۆی بازرگانان دەچێتە بواری جیبەجێکردنەوە.

میکانیزمی کارکردنی سەکۆکە چۆن دەبێت؟

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، دوو سەکۆی تایبەت لەلایەن بانکی ناوەندییەوە ئامادە کراوە کە یەکێکیان تایبەت دەبێت بە مامەڵەی هاوردەکردنی کاڵا و کەرەستەی خۆراکی و بازرگانی بۆ ناوخۆی عێراق کە لەلایەن بانکێکەوە سەرپەرشتی دەکرێت، سەکۆکەی دیکەش تایبەت دەبێت بە مامەڵەی هەناردەکردنی کاڵا و کەرەستەی خۆراکی و جوانکاری بۆ دەرەوەی عێراق بەتایبەت ئێران و تورکیا و سوریا لە ژێر سەرپەرشتی بانکێکی تردا.

"لەمەودوا سەرجەم خاڵە سنورییەکان لە رێگەی دوو بانکەوە بەڕێوە دەچن"

بە گوێرەی زانیارییەکان، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە کە بەتەواوی رێکارەکانی بەنێودەوڵەتیکردن و تۆمارکردنی دوو بانکەکە تەواو بکات، ئاماژەی بەوەش کردووە، لەمەودوا سەرجەم خاڵە سنورییەکان لە رێگای سیستەمی بانکی هاوردە و هەناردەکردنەوە بەڕێوە دەبرێن.

دوو بانکە نوێکەی عێراق؛

چاوگێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی، تاوتوێی کردنەوەی دوو سەکۆی تایبەتیان بە هاوردەکردن و هەناردەکردن کردووە، بە گوێرەی پلانەکانیشیان، چیتر هاوڵاتییان و بازرگانان بەبێ رەزامەندی بانکی ناوەندی ناتوانن هیچ مامەڵەیەک بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش، هەوڵدراوە کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە مۆڵەت لە هەردوو بانکی هاوردەکردن و هەناردەکردن وەربگیرێت، کە لەسەرجەم خاڵە سنورییەکانی هەرێم وعێراق هاوتادەکرێن.

'دەروازە سنوریییەکان کۆنترۆڵ کراون'

راوێژکاری هێڵی ئەلیکترۆنی دەروازە سنورییەکانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا بەشێوەی ١٠٠٪ سەرجەم دەروازە سنورییەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی پێکەوە بەستراون. وتیشی ، "بەستنەوەی دەروازە سنورییەکان رێگە لە بەقاچاغبردنی سامانی نەتەوەیی دەگرێت بۆ دەرەوەی عێراق، چونکە بەتەواوی کۆنترۆڵ کراون".

هاوڵاتییان و بازرگانان چۆن دەتوانن کاڵا هەناردە و هاوردە بکەن؟

هەر هاوڵاتی و بازرگان و کۆمپانیایەک کە بیەوێت کاڵایەک یاخود کەرەستەیەک هاوردەی ناو عێراق بکات یاخود هەناردەی دەرەوەی عێراق بکات، دەبێت سەرەتا لە یەکێک لەو سەکۆیانەدا (جۆری کاڵا، ناوی هەناردەکار و ناوی وەرگر، هەژماری بانکی و جۆری دراو) تۆمار بکات، پاشان رێگەی پێ دەدرێت کە کارەکانی بکات لەرێگای دەروازە سنوورییەکان و بەندەری فاوەوە، کە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق سەرجەم دەروازە سنورییەکان و بەندەری فاو هاوتای سیستەمی بانکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئەو مەبەستە.
هـ.ئـ













گەلەری