سەردێڕ:

راوێژکاری سودانی بۆ ئێن ئاڕ تی: ٤٠ گرێبەستی گەورەی وەبەرهێنانمان واژۆ کردووە

PM:05:47:16/07/2024

2584 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی سودانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، عێراق لە ماوەی ١٢ مانگی رابردوودا زیاتر لە ٤٠ گرێبەستی بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی پیشەسازی و گەشتوگوزاردا واژۆ کردووە، ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی خواستی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ وەبەرهێنان لە عێراقدا.


ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد نەجار، راوێژکاری وەبەرهێنانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای ئەوەی ٤٠ گرێبەستی وەبەرهێنان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان واژۆ کرا، ئەو گرێبەستانە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی خواستی زیاتری وەبەرهێنان لای کۆمپانیا بیانییەکانی دیکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەماوەی ١٢ مانگی رابردوودا بەهۆی ئەو ئاسانکاریانەی کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی کراوە، ئاستی وەبەرهێنان بە رێژەی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار گەشەی بەخۆیەوە بینیوە.

باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا کۆمپانیا بیانییەکان بۆ هاتنە ناو خاکی عێراق هەوڵی زیاتر دەدەن، ئەوەش هەنگاوێکی ئەرێنی دەبێت بۆ داهاتووی پیشەسازی و وەبەرهێنانی عێراق. وتیشی، "دەمانەوێت لەوە زیاتر گەشە بە ئاستی وەبەرهێنان و پیشەسازی لە ناو خاکی عێراقدا بدەین".

پێشتریش مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بودجەی ئەمساڵی عێراق لەپێناو وەبەرهێنان و کەرتی پیشەسازیدا تەرخان کراوە و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین هەنگاوی ئەرێنیان ناوە.













گەلەری