نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم رایگەیاند، لە سبەینێوە لەسەرجەم پەروەردەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان، دەست بە دابەشکردنی شایستەی دارایی مانگی چواری مامۆستایانی وانەبێژ دەکرێت.
ئەمرۆ سێشەممە، نێچیرڤان رەئووف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، لە سبەی چوارشەممەوە ١٧ـی تەمموز، دەست بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی وانەبێژانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و گەرمیان دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو شایستە داراییەی کە بۆ وانەبێژانی هەرێم خەرج دەکرێت، پەیوەستە بە خەرجییەکانی مانگی چواری وانەبێژانی
هەرێم.
پێشتریش عەلی رەئوف نوێنەری وانەبێژان رایگەیاند، ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ
لە هەرێمی کوردستان ٣٧ هەزار مامۆستای وانەبێژە کە تێکڕای خەرجی مانگانەیان ١٥ ملیار
دینارە بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان.
هاوکات لەبارەی چارەسەرکردنی دۆخی وانەبێژان و دامەزراندنیانەوە ئەوەی خستەڕوو،
بۆ دامەزراندنی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژان تەنها یەک رێگە هەیە، ئەویش گواستنەوەی
خەرجییەکانی وانەبێژانە بۆ سەر خەرجی حاکیمە، کە تەنها لە دەسەڵاتی محەمەد شیاع
سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقە.