سەردێڕ:

دژی بێئاوی؛ دانیشتوانی گەڕەکێکی دیکەی هەولێر خۆپیشاندانیان دەستپێکرد

PM:10:37:13/07/2024

7460 جار خوێندراوەتەوە

هاوشێوەی گەڕەکەکانی دیکەی هەولێر، ئەمشەو دانیشتوانی گەڕەکی کارێزان لە هەولێر دژی نەبوونی ئاوی خواردنەوە خۆپیشاندانیان دەست پێکرد و ئاماژەیان بەوە کرد، لەم وەرزی گەرمایەدا بێئاوی تەنگی پێهەڵچنیون و حکومەتی کاربەڕێکەریش بێباکە بەرامبەریان.


کێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر بەردەوامە و ئەمشەو دانیشتوانی گەڕەکی کارێزان لە شاری هەولێر دژی نەبوونی ئاوی خواردنەوە خۆپیشاندانیان کرد.

ئەو هاوڵاتیانە باس لەوە دەکەن، لەم وەرزى گەرمایەدا بێئاوى زۆرى بۆ هێناون و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش کەمتەرخەم و بێ هەڵوێستن بەرامبەریان.

دەشڵێن، ماوەی چەندین ساڵە گرفتی نەبوونی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و لەگەڵ دەستپێکی وەرزی گەرما دۆخەکە خراپتر دەبێت و ناچارن ماوە ماوە بە تانکەر ئاو بکڕن تاوەکو کارەکانیانی پێ رایی بکەن.

ئاماژە بەوەش دەکەن، بەشێکیان ماوەی چوار رۆژە نەچوونەتە سەر ئیش بەهۆی بێئاوییەوە چونکە دوای گەڕانەوەیان لە ئیش پێویستە خۆیان بشۆن بەڵام ئاو نییە خۆیانی پێبشۆن. 

ئەوەش دەخەنە روو، بەشێکیان کرێچین و سەرباری ئەوەی بە زەحمەت کرێی خانووەکانیان پێدەدرێت ناچارن بە تانکەر ئاو بکڕن تاوەکو پێداویستییەکانیان دابین بکەن و کاروباری ماڵەکانیان رایی بکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و هاویندا لە هەولێر گرفتی بێئاوی دووبارە دەبێتەوە و لە چەند گەڕەکێکیش هەر ئاویان بەسەردا دابەش ناکرێت، هەموو ساڵێکیش بەرپرسان بەڵێنی چارەسەریان پێدەدەن، بەڵام وەک هەموو بەڵێنەکانی دیکەی حکومەتی کاربەڕێکەر جێبەجێی ناکەن.

موراد ئەحمەد، هەولێر













گەلەری