سەردێڕ:

سودانی: لەڕێگەی سێ پڕۆژەی نوێوە ١٠ هەزار مێگاوات کارەبا زیاد دەکەین

PM:04:38:07/09/2024

1420 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەڕێگەی سێ پڕۆژەی نوێوە ١٠ هەزار مێگاوات کارەبا زیاد دەکەن. دەشڵێت، پاره‌ی پێویستیان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كاره‌با ته‌رخان کردووە.


ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەڕێگەی سێ پڕۆژەی تایبەت بە کەرتی وزە، ١٠ هەزار مێگاوات کارەبا زیاد دەکەن و پارەی پێویستیش بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆژەکان و خێرا تەواوکردنیان تەرخان کراوە.

باسی لەوەش کرد، به‌بێ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كاره‌با پیشه‌سازیی عێراق پێش ناكه‌وێت، هەربۆیە حکومەت بودجەی پێویستی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تەرخان کردووە. 

لەلایەکی دیکەوە، زیاد عەلی وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، تا کۆتایی ئەمساڵ کارکردن لە بەستنەوەی هێڵی کارەبای نێوان عێراق و وڵاتانی کەنداو بەرەو تەواوبوون دەچێت. وتیشی، لە ئێستادا پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبای عێراق لەگەڵ ئوردن و تورکیا تەواو بووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو، کاردەکەن بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە تەواوی عێراق و ئەمەش دەکەوێتە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا.













گەلەری