سەردێڕ:

رانیە؛ لە رووداوێکی هاتوچۆدا شەش کەس بریندار بوون

PM:10:54:12/07/2024

2208 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی راپەڕین رایگەیاند، لە ئەنجامی رووداوێکی هاتوچۆ لەسەر پردی میرەبەگ لەناوچەی سەرکەپکان شەش کەس بریندار بوون.


بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی راپەڕین رایگەیاند، کاتژمێر حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆ ١٢ـی تەمموز، لە سەر پردی میرەبەگ لەناوچەی سەرکەپکان رووداوێکی هاتوچۆ لەجۆری پێکدادان روویدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، رووداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلێک و بارهەڵگرێکدا روویدا و لە ئەنجامدا شەش کەس بریندار بوون.

رووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە هەرێمدا دادەنرێن، کە شۆفێران بەشێکی زۆری بۆ خراپی رێگاوبانەکان و نەبوونی سیستم لە رێگاوبانەکان و هاتوچۆی بەردەوامی بارهەڵگرەکان بە رێگای سەرەکی هاوڵاتییاندا دەگەڕێننەوە و هاتوچۆش جگە لە رێگاوبان، بەشێکی بۆ تیژڕەوی و پابەند نەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ دەگەڕێنێتەوە.

هاوکات، لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان ١١ هەزار و ٥٥٢ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و بەوهۆیەوە سێ هەزار و ١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٢ هەزار و ٦٧٧ کەسیش بریندار بوونە.













گەلەری