سەردێڕ:

جارێکی دیکە؛ هاوڵاتیانی هەولێر دژی نەبوونی ئاوی خواردنەوە گردبوونەوە

PM:11:50:11/07/2024

1728 جار خوێندراوەتەوە

کێشەی بێ ئاوی لە گەڕەکەکانی هەولێر بەردەوامە و دانیشتوانی گەڕەکی فەرمانبەران لە هەولێر دژی نەبوونی ئاوی خواردنەوە گردبوونەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا کێشەی بێ ئاوی لە گەڕەکەکان دووبارە دەبێتەوە، ناچارن بە تانکەر ئاو بکڕن.


دانیشتوانی گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، ماوەی چەندین ساڵە گرفتی بێ ئاوی لە گەڕەکەکەیان و چەند گەڕەکێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە و حکومەتی کاربەڕێکەریش تەنها بەڵێنیان پێ دەدات و گرفتەکەیان بۆ چارەسەر ناکات.

ئاماژە بەوەش دەکەن، ماڵە بەرپرسەکان ئاویان هەیە و خەڵکیش بێ ئاوە. دەشڵێن، بەشێکیان کرێچین و سەرباری ئەوەی بە زەحمەت کرێی خانووەکانیان پێدەدرێت ناچارن بە تانکەر ئاو بکڕن تاوەکو کارەکانیانی پێ رایی بکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و هاویندا لە هەولێر گرفتی کەمئاوی دووبارە دەبێتەوە و لە چەند گەڕەکێکیش هەر ئاویان بەسەردا دابەش ناکرێت، هەموو ساڵێکیش بەرپرسان بەڵێنی چارەسەریان پێدەدەن، بەڵام وەک هەموو بەڵێنەکانی دیکەی حکومەتی کاربەڕێکەر جێبەجێی ناکەن.













گەلەری