سەردێڕ:

رەزامەندی لەسەر ناردنی مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم درا

PM:03:18:11/07/2024

14772 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی داوە لەسەر ناردنی مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی داوە لەسەر ناردنی مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم.

 

لە مووچەى سێ مانگى رابردوودا، کە مانگەکانى چوار و پێنج و شەشە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى هەرێم تەنها یەک مووچەیان وەرگرتووە، ئەویش مووچەى مانگى چوار بووە و لە مانگى شەشدا وەریانگرتووە، بەو هۆیەشەوە ئەندامانى ئەو هێزانە لە بارودۆخێکى خراپى داراییدا ژیان دەگوزەرێنن. 

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، دەستکرا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشیان وەرنەگرتووە.
لەسەر هەمان پرس، دوێنێ چوارشەممە، لیژنەیەکی چاودێریی دارایی عێراق گەیشتنە هەولێر و دەستیان کرد بە وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکاندا، چاوگێک لە لیژنەکەش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستیان کردووە بە وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمدا و لیژنەکەیان نمونەیەک لە لیستی مووچەی هێزەکان وردبینی دەکەن، بەوپێیەی وردبینیکردن لە ناوی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان کاتێکی زۆری پێویستە.

ئەوەشی خستە روو، لیژنەکەیان فۆڕمێکی تایبەت پڕ دەکەنەوە بۆ ئەو ناوانەی وردبینی تیادا دەکەن و فۆڕمەکەش، ناوی چواری، ناوی سیانی دایک، بایۆمێتری، ژمارەی تەلەفون و شوێنی نیشتەجێبوونی هێزە ئەمنییەکانی تێدایە، وتیشی، "ئەو نموونانە دەکەینە بنەما بۆ لیستی دوو مانگی مووچە".


 

 




 













گەلەری