سەردێڕ:

رۆیتەرز: هەرێم رۆژانە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەفرۆشێت

PM:01:21:11/07/2024

3780 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، رۆژانە لە هەرێمەوە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەفرۆشێت و لە رێگەی ئێران و تورکیاوە نەوتەکە هەناردە دەکەن کە داهاتەکەی لەمانگێکدا ٣٠٠ ملیار دینارە. دەشڵێت، تەنها یەکێتی و پارتی لە داهاتی ئەو نەوتەی بە قاچاخ دەفرۆشرێت سودمەند دەبن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمەوە بڵاوی کردەوە، رۆژانە ٣٧٥ هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، رۆژانە ٢٠٠ هەزار بەرمیل کە دەکاتە زیاتر لە هەزار تانکەر نەوت، لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بە قاچاخ دەفرۆشرێت و داهاتی مانگانەی ٣٠٠ ملیار دینارە.

ئاژانسی رۆیتەرز لەو راپۆرتەدا و لە زاری چەند بەرپرسێکی هەرێمەوە ئەوەی خستووەتە روو، ئەو نەوتەی کە رۆژانە بەڕێگەی قاچاخ دەفرۆشرێت، تەنها "پارتی و یەکێتی" لێی سودمەند دەبن.

لای خۆشیەوە، عاسم جیهاد وتەبێژی وه زارهتی نه وتی عێراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەو بازرگانییەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بەشێوەی قاچاخ بە نەوتەوە دەکرێت، لەلای حکومەتی عێراق پەسەند نەکراوە، چونکە فرۆشتنی نەوت تەنها لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فەرمی و رێگەپێدراوە.

هاوکات، لە نیسانی ئەمساڵدا، رێکخراوی ئۆپیک وەزارەتی نەوتی عێراقی ئاگادار کردەوە کە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم رۆژانە نزیکەی ٢٠٠ بۆ ٢٢٥ هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەفرۆشن و داهاتەکەشی بۆ پارتی و یەکێتییە.

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراقیش رایگەیاند، دۆسیەی بە قاچاخبردنی نەوت لە عێراق و سەرجەم دەروازە سنورییەکانی عێراق کۆنتڕۆڵ کراوە، تەنها لە هەرێم بە قاچاخبردنی نەوت بەردەوامە.

 

پێشتریش، ئێن ئاڕ تی لە سۆراغێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد، بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێم لە سنوورەکانەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ زیادی کردووە و بە تێکڕاش رۆژانە زیاتر لە هەزار تانکەر نەوت بە قاچاخ دەفرۆشرێت کە داهاتی مانگانەیان دەگاتە سەروو ٣٠٠ ملیار دینار.

ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرەڕای ئەوەی لە ٢٥ـی ئازاری ساڵی رابردووەوە بە بڕیارێکی ژووری ناوبژیوانیی دادگای نێودەوڵەتی پاریس هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە، بەڵام، پارتی و یەکێتی سەرقاڵی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمن و داهاتەکەشی ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت و دەچێتە گیرفانی ئەو دوو حزبەوە، ئەوەش سەرەڕای هەبوونی داهاتێکی زۆری ناوخۆ کە بە گوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق، تەنها لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، داهاتی "نانەوتی" هەرێم، ترلیۆنێک و ٦٤٦ ملیار دینار بووە، بەڵام ئەو پارەیە نە بۆ مووچە خەرج دەکرێت، نە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی و نە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی وەک ئاو و کارەبا.













گەلەری