سەردێڕ:

وەزیرێکی عێراق زانیاری نوێ لەسەر مووچەی هەرێم ئاشکرا دەکات

AM:11:55:11/07/2024

42924 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسیان لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کردووە و کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەکاتی خۆیدا دابەش بکرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەنگن لەسەر ئەوەی کە پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەکاتی خۆیدا دابەش بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە بە یەکجاری کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بکرێت، چونکە ئەوە مافی مووچەخۆرانە.

باسی لەوەش کرد، بەردەوام لەگەڵ محەمەد شیاع سودانیی سەرۆک وەزیراندا لە پەیوەندیدان بۆ چارەسەرکردنی یەکجاریی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، دەستکرا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشیان وەرنەگرتووە.

لەسەر هەمان پرس، دوێنێ چوارشەممە، لیژنەیەکی چاودێریی دارایی عێراق گەیشتنە هەولێر و دەستیان کرد بە وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکاندا، چاوگێک لە لیژنەکەش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستیان کردووە بە وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمدا و لیژنەکەیان نمونەیەک لە لیستی مووچەی هێزەکان وردبینی دەکەن، بەوپێیەی وردبینیکردن لە ناوی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان کاتێکی زۆری پێویستە.

ئەوەشی خستە روو، لیژنەکەیان فۆڕمێکی تایبەت پڕ دەکەنەوە بۆ ئەو ناوانەی وردبینی تیادا دەکەن و فۆڕمەکەش، ناوی چواری، ناوی سیانی دایک، بایۆمێتری، ژمارەی تەلەفون و شوێنی نیشتەجێبوونی هێزە ئەمنییەکانی تێدایە، وتیشی، "ئەو نموونانە دەکەینە بنەما بۆ لیستی دوو مانگی مووچە".













گەلەری