سەردێڕ:

کەسوکاری کچە پزیشکێک: هێزێکی دەمامکدار کچەکەمانیان رفاندووە و چارەنووسی نازانین

AM:09:51:11/07/2024

55460 جار خوێندراوەتەوە

کەسوکاری کچە پزیشکێک لە سلێمانی رایانگەیاند، کچەکەیان لەلایەن هێزێکی دەمامکدارەوە رفێندراوە و چارەنووسی نازانن. دەشڵێن، "چەند جارێک هەڕەشە لە کچەکەمان کراوە".


شەوی رابردوو، کەسوکاری کچە پزیشکێک بەناوی دنیا عادل رایانگەیاند، هێزێکی دەمامکدار بەسەر ماڵەکەیانیاندا داوە و کچەکەیانیان رفاندووە و پێیان وتوون دەیبەنە بنکەی پۆلیس و وێنەیەکی دەگرن و ئازادی دەکەن، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی کچەکەیان نادیارە.

ئاماژەیان بەوەش کرد، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەو هێزە چەند جارێک هاتوونەتە سەر ماڵیان ماڵەکەیانیان پشکنیون، شەوی رابردووش بەبێ ئاگادار کردنەوە و بەبێ بوونی فەرمانی دادوەر، دکتۆرە دنیایان رفاندووە.

ئەوەشیان خستە روو، کچەکەیان وەک خۆبەخش لە نەخۆشخانەی شۆڕش لە سلێمانی کاری کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی چەندین جار هەڕەشەی لێکراوە، ماوەی دوو هەفتە نەیتوانیوە بچێتە سەر کارەکەی.

باسیان لەوەش کرد، کچەکەیان بە هیچ جۆرێک کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە و داواش دەکەن بە زووترین کات کچەکەیان ئازاد بکرێت. دەشڵێن، "ئەمنییەت لە شارەکەماندا نەماوە و ناتوانین بە ئارامی بژین".













گەلەری