سەردێڕ:

بازرگانیی عێراق: وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی هەرێم بەڕێژەی ١٠٠٪ زیادی کردووە

PM:08:13:10/07/2024

1140 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە بارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئاستی وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی هەرێم بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی ١٠٠٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. دەشڵێت، "تا ئێستا ٧٠٠ هەزار تۆن گەنم وەک پلانی بۆ دانراوە وەرگیراوە، بەوەش جوتیارانی هەرێم زیاتر سوودمەن بوون".


ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم و دانەوێڵەی جوتیارانی هەرێم بەتایبەتیش لە سنوری کەرکوک بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی ١٠٠٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵی رابردوو بە تێکڕا تەنها بڕی ٣٥٠ هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەرگیرا، بەڵام دوای هەوڵەکانیان بۆ فراوانکردنی ئاستی ژیرخانی دانەوێلە لەمساڵدا، بڕی ٧٠٠ هەزار تۆن گەنمیان لێوەرگیراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، حەیدەر کەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، عێراق بەباشترین ساڵ و وەرزی وەرگرتنی گەنمی جوتیاراندا تیپەڕ دەبێت، بەهۆی زۆری رێژەی گەنم و بەرزی کوالێتی گەنمی جوتیاران.

جەختی لەوەش کردەوە، بە تێکڕا پێشبینی دەکەن زیاتر لە شەش ملیۆن تۆن گەنم لە سەرجەم جوتیارانی عێراق و هەرێم وەربگیرێت ئەوەش بە باشترین ساڵی عێراق دادەندرێت لەڕووی بەرهەمی ناوخۆیی گەنمەوە. وتیشی، " ئەو گەنمەی لەمساڵدا وەرگیراوە لە جوتیارانی ناوخۆ، بەشی پێویستی سەرجەم دانیشتوانی عێراق دەکات".













گەلەری