سەردێڕ:

چۆن کۆیلایەتی لە سەردەمی نوێدا
سەرهەڵدەداتەوە؟

PM:07:41:12/10/2024
1412 جار خوێندراوەتەوە
کازم جەباری
+ -

ئەگەر چی کۆیلایەتی مۆرکی سەردەمێکی دیاریکراوە و بە قۆناغێکی مێژوویی لە ژیانی مرۆڤایەتی دادەنرێت، بەڵام بەداخەوە لە دونیای ئەمڕۆدا کۆیلایەتی بە چەندین فۆڕم و شێوازی جیاواز سەری هەڵداوەتەوە.

وەلێ ئەوەی کۆیلایەتی سەردەمی کلاسیک (چاخە کۆنەکان) لە کۆیلایەتی سەردەمی مۆدێرن (سەدەی مافی مرۆڤ و تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەسکرد...هتد) جودا دەکاتەوە ئەوەیە، کۆیلایەتی سەردەمی کلاسیک ئایکۆن شوناسێکی دیار بوو بۆ چینێکی کۆمەڵگە خاوەن رووخسار و ئادگارێکی بینراوی دانپێدانراو بوو، بەڵام کۆیلایەتی لەسەردەمی مۆدێرندا کۆیلایەتیەکی دەمامکدارە خاوەن ئادگارێکی جیاوازە، هەندێکجار رووخسارێکی ون، بەپێی بەرژەوەندی رۆڵەکەی دەگۆڕێت، ئەمانە لەژێر سێبەری حەقیقەتی ماکەکانی مۆدێرندا ماونەتەوە وەک چینێکی دانپێدانەنراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

هەر بۆیە کۆیلایەتی لە سەردەمی مۆدێرندا پێیناوەتە قۆناغێکی ترسناکەوە، بە جۆرێک بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە، وا خەریکە شکۆ و کەرامەت بە مرۆڤەوە ناهێڵێت، هێندەی نەماوە هەموان ببین بە قوربانی، بە بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین، جا قوربانی کۆیلایەتی (ئایدۆلۆژیا، تەکنەلۆژیا، حزب، گروپ و دەستەی ئاینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی و پۆست و پلەوپایە و...هتد).

کۆیلایەتی سوڕی متبوونی هەیە هەروەک سوڕی هەستانەوەشی هەیە و لە کاتی پێویستدا دەردەکەوێت و دەمامکەکەیان دەکەوێت، ئەو گریمانەیەش راستە کە هەموو کۆیلەیەک قوربانییە، قوربانی ئەو ژینگەیەی تێیدا ژیاوە و لە ناویدا گەورە بووە.

کێشە گەورەکە ئەوەیە دیاردەی کۆیلایەتی بە مۆدێلە جیاوازەکانییەوە لەو کۆمەڵگەیانەدا گەشە دەکات، کە ئاستی وشیاری لاوازە و عەقڵ تێیدا غیابە و بیرکردنەوە لە دەرەوەی سندوق بڤەیە.

دیاردەی کۆیلایەتی هەر زیانی بۆ تاک نییە، بەڵکو زیان بە کۆمەڵگەش دەگەیەنێت و نەزم و دۆخێکی مەنگی پاسیڤی لەقاڵبدراو دروست دەکات و هیچ مەودایەک ناهێڵێتەوە بۆ گۆڕانکاری و گەشەکردن و کرانەوە، سیستەمێکی تێکەڵ بە چینایەتی و فیوداڵیە لە رووی کۆمەڵایەتی، دیکتاتۆریەت و ئۆتۆکراسی(فەرمانڕەوایی رەها) لە رووی سیاسی، دۆگماتیزم لە رووی ئاوەز و ئەندێشە بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت.

لە کۆیلایەتیدا بەهاکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری و شکۆی مرۆڤ دەکەوێتە مەترسییەوە، جیاوازی چینایەتی گەشە دەکات و کۆمەڵگەیەکی رامکراوی مێگەل ئاسا دروست دەبێت.

زۆر بەسادەیی مۆتیڤەکانی کۆیلایەتی لە سەردەمی مۆدێرندا جۆری زۆرە (هەیە لە پێناو نان و بژێوییە، هەیە لە پێناو پۆست و پایەیە، هەیە ئارەزوومەندانەیە، هەر خۆی ئارەزووی تەوقی کۆیلایەتیە، هەیە لە بێدەسەڵاتییه و لەژێر فشاردایە، هەیە خوگرتنە و...) زۆر جۆری تریش.

گەلەری