حکومەتی عێراق رایگەیاند، بەهۆی پرۆسەی سەرژمێریکردنەوە رۆژی ٢٠ و ٢١ـی مانگی داهاتوو پشووی رەسمی دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، حکومەتی عێراق رایگەیاند، بەهۆی پرۆسەی سەرژمێریکردنەوە و قەدەغەی هاتوچۆ رادەگەیەندرێت و بەو بۆنەیەوە رۆژی ٢٠ و ٢١ـی مانگی داهاتوو پشووی رەسمی دەبێت.
پێشتر، عەبدولزەهرا هنداوی وتەبێژی وەزارەتی
پلاندانانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لەگەڵ چوار کۆمپانیای
نێودەوڵەتی لە ئەمریکا، فینلەندا، کەنەدا و چین گرێبەستی تایبەت بە تەواوکردنی
کارەکانی پەیوەست بە ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراقیان واژۆ کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد،
لەدوای گرێبەستەکە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە کە
بریتین لە دروستکردنی ١٢٠ هەزار ئامێری ئەلکترۆنی بۆ پڕۆسەی سەرژمێرییەکە،
دامەزراندنی ناوەندی زانیاری و ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری، دامەزراندنی ناوەندی
پەیوەندییەکان و دابینکردنی پێداویستی و کەلوپەلە ئەلکترۆنییەکان بۆ ئەنجامدانی
سەرژمێرییەکە.
باسی لەوەش کرد، ئەوەی
پێویست بێت دەیکەن بۆ تەواوکردنی سەرجەم کارەکان و دەستەبەرکردنی پێداویستی و
ئامێرەکان تاوەکو بتوانن لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی
دانیشتوانی عێراق بە سەرکەوتووی و بەبێ کێشە ئەنجام بدەن.
هاوکات،
دوایین سەرژمێرى لە ساڵى ١٩٩٧ لە عێراق کراوە و بەپێی ئەو ئامارە ژمارەی دانیشتوانی
عێراق ١٩ ملیۆن کەس بووە و سەرژمێرییەکە بەبێ هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، بەڵام لەو
کاتەوە تا ئێستا سەرژمێرى گشتى نەکراوە و بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێرى
بکرێت و هەرێمیش دەگرێتەوە.