سەردێڕ:

دارایی عێراق بۆ هەرێم: ترلیۆنێک و ٦٠٠ ملیاری داهاتی نانەوتیمان رادەست بکەن

PM:06:32:10/07/2024

11932 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق داوا لە هەرێم دەکات، زیاتر لە ترلیۆنێک و ٦٠٠ ملیار دیناری داهاتی نانەوتی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵیان رادەست بکەن. دەشڵێت، ئەگەر پارەکە رادەست نەکەن دەبێت بەرپرسیاریەتی یاسایی و دەستووری لە ئەستۆ بگرن.


بە گوێرەی نوسراوێک کە دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە و واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی بەسەرەوەیە و ئاڕاستەی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا کراوە، داوا کراوە هەرێم داهاتی نانەوتی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ رادەستی بەغدا بکات.

ئاماژە بەوەش کراوە، دەبێت هەرێم روونکردنەوە لەسەر ئەو ٨٥ ملیار و ١٩٩ ملیۆن دینارە بدات کە وەک داهاتی نانەوتی رەوانەی بەغدادیان کردووە، چونکە بە گوێرەی خشتەی داهاتەکان کە بۆیان نێردراوە، داهاتی نانەوتی هەرێم لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ترلیۆنێک و ٦٤٦ ملیار و ٤٤٤ ملیۆن دینار بووە.

ئەوەش خراوەتە روو، پێویستە هەرێم ئەو بڕە پارەیە رادەست بکات، ئەگەر نا، دەبێت بەرپرسیاریەتی یاسایی و دەستووری لە ئەستۆ بگرن.

رۆژی ٢٧ـی ئایاری ئەمساڵ، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڵاوی کردەوە، بڕی ٨٥ ملیار و ١٩٩ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار دیناری داهاتی ناوخۆیان رادەستی بەغدا کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بە گوێرەی ئەو نوسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق، داهاتی نانەوتی هەرێم مانگانە ٤١١ ملیار و ٦١١ ملیۆن دینارە، ئەوەش جگە لە داهاتی فرۆشتنی قاچاغی نەوت، کە بە گوێرەی زانیارییەکان داهاتی مانگانەی ٣٥٠ ملیار دینارە، سەرەڕای ئەمانەش، لە ناوەڕاستی مانگی حەوت نزیک دەبینەوە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم تا ئێستا مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشیان وەرنەگرتووە، حکومەتی کاربەڕێکەریش ئامادە نییە لە داهاتی ناوخۆ پارەی مووچەی ئەو هێزانە بدات و دەڵێت، "داوا لە بەغدا دەکەین مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکانمان بۆ رەوانە بکات".















گەلەری